كچێك لە تەق تەق خۆی دەسووتێنێ‌

خزمێكی دەڵێت پەیمان دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ تووشی نەخۆشیی دەرووونی بووبوو
رووداو – تەقتەق

پەیمان چەند ساڵێك بوو لە خواردنی گۆشت و بەروبوومی ئاژەڵ و پەلەوەر دووركەوتبووەوە، چونكە پێیوابوو مرۆڤ بەو كارە ئاژەڵ ئازار دەدات، بەڵام ئەو بە ئازاردانی خۆی، خۆی لە نێوبرد و زامێكی قووڵیشی لە دڵ و دەروونی كەسوكاریدا جێهێشت كە رەنگە وا بە زوویی ساڕێژ نەبێ‌.

بەرەبەیانی رۆژی 7/1/2017 كەسوكاری پەیمان تەها سەلیم، بە قیژەی پەیمان خەبەریان بووەوە، كاتێك لە خەو راپەڕین، بینییان ئاگر لە جەستەی پەیمان بەرز دەبێتەوە. پەیمان 100%ی جەستەی سووتا، دوای پێنج كاژێر گیانی دەرچوو.

پەیمانی تەمەن 29 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی سەربەستی بوو لە شارۆچكەی تەقتەقی سەر بە قەزای كۆیە، دەرچووی زانكۆ بوو، شووی نەكردبوو. كەسوكارەكەی دەڵێن چەند ساڵێك بوو تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبوو.

رێباز رەزا كە ئامۆزای پەیمانە، دەڵێت باوكی پەیمان بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتووە، پەیمان و خوشك و براكانی بەبێ‌ باوك گەورە بوون. هەروەها دەڵێت "پەیمان دەرچووی بەشی جوگرافیا بوو لە زانكۆی كۆیە، تاوەكو زانكۆی تەواو نەكرد، هیچ كێشەیەكی نەبوو، بەڵام دوای تەواوكردنی خوێندن هەر لەماڵەوە بووە و نەهاتووەتە دەرەوە".

رێباز بە سەرسوڕمانەوە باسی خۆسووتاندنی ئامۆزاكەی دەكات و دەڵێت "پەیمان كچێكی زۆر بە بەزەیی بوو، گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەری نەدەخوارد، چونكە پێیوابوو بە سەربڕینی پەلەوەر و ئاژەڵ مرۆڤ تاوانێك دەكات كە ئازاری پەلەوەر و ئاژەڵ دەدات، تەنانەت شیر و ماست و هێلكە و پەنیریشی نەدەخوارد و دەیگوت ئەوانە حەرامن، مرۆڤ دەبێ‌ رووەكی بێ‌ و تەنیا سەوزە و میوە بخوات". گوتیشی "كچێكی زۆر دیندار بوو، بەردەوام قورئانی دەخوێند، بۆیە پێمان سەیرە خۆی سووتاند".

رێباز باسی ساتی خۆسووتاندنی پەیمان دەكات و دەڵێت "بەیانی زوو لە خەو هەڵساوە، دەرگای ژوورەوەی لەسەر دایكی داخستووە، دایكی لەو كاتەدا خەبەری بووەتەوە دەبینێ‌ دەرگا داخراوە، كاتێك لە پەنجەرە سەیری دەرەوە دەكات دەبینێ‌ پەیمان خۆی داوەتە بەر بەلوعەی تانكیی نەوتی ماڵەوەیان تاوەكو گشت گیانی بە نەوت تەڕ بووە. هەرچەندە دایكی هاواری كردووە كە خۆی نەسووتێنێ‌، بەڵام پەیمان بە بەرچاوی دایكییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە".

سەبارەت بە هۆكاری خۆسووتاندنی پەیمان، رێباز دەڵێت "پەیمان دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ تووشی نەخۆشیی دەرووونی بووبوو، بردمان بۆ لای چەندین پزیشك، بەڵام سوودی نەبوو، تەنانەت بردمان بۆ لای چەند شێخ و پیاوچاكێك گوایە ئەو جۆرە نەخۆشانە چاك دەكەنەوە، بەڵام ئەویش سوودی نەبوو".

رێباز باسی هەندێك لە هەڵسوكەوتەكانی پەیمان دەكات و دەڵێت "دوژمنی ئەوە بوو پیاوێكی بێگانە بچێتە ماڵیان، دەیگوت نابێت و حەرامە. زۆرجار كەلوپەل و خواردنی ماڵەوەی فڕێدەدایە دەرەوە. كە دەچووە بازاڕ تەشقەڵەی بە دوكاندارەكان دەكرد، ئەگەر عەقڵی نرخی شتێكی نەگرتبایە بەسەر دوكاندارەكەدا هاواری دەكرد. جاری وا هەبوو كە دەچووە بازاڕ بە جارێك 10 ماكسی دەكڕی، كاتێكیش تووڕە دەبوو هەر هەمووی بە مقەست پارچەپارچە دەكردن".

رەوشەن عەبدوڵڵا كە دراوسێی ماڵی پەیمانە، قسەكانی رێباز پشتڕاست دەكاتەوە كە دەڵێت ئامۆزاكەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە. رەوشەن گوتی "بەیانی زوو بوو كە پەیمان خۆی سووتاند، دراوسێكان بە بەتانیی تەڕ كوژاندیانەوە". گوتیشی "ئاگادار بووین كە پەیمان نەخۆش بوو، لە ماڵ نەدەهاتە دەرەوە. لە نەخۆشخانەش بەرلەوەی بمرێ‌ گوتبووی زۆر پەشیمانم كە خۆم سووتاندووە".

 كارێز نامیق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تەقتەق لەبارەی خۆسووتاندنی پەیمان بە (رووداو)ی گوت "ئەو كچە بەیانی زوو خۆی سووتاندووە، دوای ئەوەی گەیەنرایە نەخۆشخانەكەمان چارەسەری سەرەتایی بۆ كرا، بەڵام بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی كە 100% بوو، بەڕێكرا بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر، لەوێش تەنیا پێنج كاژێر مایەوە و گیانی دەرچوو".

پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە رووداوی خۆسووتاندنی ئەو كچە كردووە و بۆی دەركەوتووە كە ئەو كچە نەخۆشیی دەروونی هەبووە بۆیە خۆی سووتاندووە. رائید ئەرسەلان بایز، لێپرسراوی بنكەی پۆلیسی ناحیەی تەقتەق بە (رووداو)ی گوت "پۆلیس بۆی دەركەوتووە ئەو كچە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، لە ماڵەوە لەگەڵ دایكی بووە، دوای ئەوەی دەرگای لەسەر دایكی داخستووە، نەوتی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە".
Rudaw

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

:)
:(
hihi
:-)
:D
=D
:-d
;(
;-(
@-)
:P
:o
:>)
(o)
:p
:-?
(p)
:-s
(m)
8-)
:-t
:-b
b-(
:-#
=p~
$-)
(y)
(f)
x-)
(k)
(h)
cheer