ڕاوە ماسی لە تەق تەق


تةق تةق و ڕاوەماسی
پیشەی ڕاو لە دێر زەمانەوە مرۆڤ پێوەی خەریك بووە ، كە هۆو پێناوی بوە ، بۆ بژێوی ڕۆژانە ،ئینجا ڕاوی ئاویش یەكێكە لەو ڕاوە باو و بەربڵاوەكانی زۆربەی شوێنان بەتایبەتی ئەوانەی كەوتونەتە سەر زەریا و دەریا و دەریاچە گەورەكان یان ڕووبار و ڕووبارۆچكە و دەریاچەی سازگاریان هەبێت ،لێرەدا جێی مەبەست شارۆچكەی (تەق تەق)ە كە كەوتۆتە كەناری ڕۆژئاوایی زێی بچووك هەروەها هەردوو ڕوبارۆچكەی (كۆیە و داربەسەر)ی وەرزی كەوتونەتە ڕۆژئاوایی شارۆچكەكەو مەڵبەندێكن بۆ ڕاوە ماسی (گۆشتی سپی)لە ئەنجامی زۆری ژمارەی دانیشتوانی شارۆچكەكە و خواستێكی زۆریش لەسەر گۆشتەكە وایكردووە ڕێژەیەكی زۆر لە خێزانەكانی نێو تەق تەق و گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی ( كانی ڕەش ، مەلازیاد ، ساتوقەڵا ، مخڕس  ، چۆمحەیدەر ، گوندەكانی ڕۆژئاوایی گەرمك و كانی لەلەو سێگردكان و سێكانی و تازە دێ و ئاوماڵ و سارتك ) تاوەكو بەستی شەرغە بە پیشەی ڕاوەوە خەریكن ، كە ساڵانە بڕی ( 35 – 40) تۆن ماسی ڕاو دەكرێت گرنگترین جۆرەكانی ماسیش ( بزە – زراعە – سورە – هولە – گورگە – جوڕە – سلج – دەمبە خەنە – ڕەشە – سپیلكە – خاریجی (دەرەكی) – دەریایی (بحری)قوڕە – مار ماسی – پانكە – گوپەرە ) ئەوانە گشتیان ناوی ناوچەیین ،كە ماسییە بزە لە هەموویان زیاتر گەورەدەبێت و لە هەندێ جار خۆی لە (10)كغم دەدات كە لە ناوچە قولەكاندا دەژی ( سپیلكە و گوپەڕەش) لە هەموویان بچوكترن ،جۆری گورگە ئەگەر گەورەتربن مەترسی (چوپ) تەقاندیان لێدەكرێت چونكە پەڕەكەی سەر پشتیان دڕكێكی زۆر تیژی پێوەیە. لە وەرزی بەهاردا لە (21ی ئازار – 21حوزەیران) ڕاو قەدەغە دەكرێت چونكە ماسیەكان لەم وەرزەدا گەرا دادەنێن كە سامانێكی نیشتیمانییەو پێویستی بە پاراستن هەیە، ڕاویش بەچەند ڕێگاو شێوازێك دەكرێت كە ئەمانەن.    
1-    بەكارهێنانی تۆڕ : ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ ڕاوكردن بەڵام بە مەرجێ تۆڕی بچووك بەكارنەهێنن كە بچووكترین ماسی ڕاو بكات .
2-    قولاب هەڵدان : ئەم شێوازە لێرە تەنها بۆ گەشت و كات بردنە سەر بەكاردێت.
3-    گرتنی ماسی بە ماشە ئەم ڕێگایە زۆر كۆنە و ئێستا كەم بەكاردێت زیاتر لە هەردوو ڕووبارۆچكەی كۆیە و داربەسەری وەرزی باوە .

  هەندێك شێواز دەگیرێتەبەر كە نایاساین وەك :
1-  لێدانی كارەبا : ئەم جۆرە هۆ و پێناوە زیان بەخشە هەموو زیندەوەرانی نێو ئاو ( گەورە و بچووك) دەكوژێت كاتێك ئاوەكە دەبێتە كارەبا .
2-  پڕ ژەهر كردنی گۆمەكان : رێگایەكی نادروستە زیان بە زیندەوەران و ژینگەش دەگەیەنێ .
3-  بەكارهێنانی قومبەلە ڕێگایەكی ترسناك و زیان بەخشە چونكە مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت گیانی مرۆڤەكان لە دەست بدات لە كاتی تەقینەوەیاندا جگە لەوە ماسی وورد و گەورە دەكوژێت وە ژینگەش پیس دەكات گرینگترینیان وكو (نارنجۆك ،R.B.G.T.N.T., شوشەى پڕ بارووت ، مین) كە بەكارهێنانیان دزێوترین شێوازە و دوورە لە شارستانیەت.
  
 بەڕادەیەكی كەم ڕاو لە ڕووبارۆچكەی ( كۆیە و داربەسەر) دەكرێت چونكە وەرزین و لە كاتی بێبارانیدا دەپچڕێن و دەبنە ( گۆم گۆم ) لە بەهاردا دەست دەكرێ بە ڕاوی ئەو ماسیانەی كە لە كاتی باران باریندا لە (زێی بچووك)ەوە هاتونەتە ناو هەردوو ڕوبارۆچكەكە بە ڕێگای بەكارهێنانی گیای گۆگەم (گیایەكی سەوزی گوڵ زەرد )وەك ژەهر وایە بۆ ماسیەكان و بەكارهێنانی تاكو ئێستاش ماوە زۆر جار قومبەلە لە گۆمەكان دەدرێن ،ڕاوە ماسی لەم دوو ڕووبارۆچكەیە زیاتر لە گوندەكانی (ئیلنجاغی گەورە و مەرزان و ئۆمەرگومبەت) سودێكی كاتی لێ دەبینن


سەرچاوە - تەق تەق ،پەلكە زێرینەی كەنار زێی بچووك

هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری قەزای تەق تەق، بەمەرجێك ئاماژەی بە سەرچاوەكە بكات


هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار