‏إظهار الرسائل ذات التسميات كۆیە. إظهار كافة الرسائل
‏إظهار الرسائل ذات التسميات كۆیە. إظهار كافة الرسائل

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق ئاگادارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ بارهه‌ڵگره‌كان


ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمی راگه‌یه‌ندرا كه‌ بارهه‌ڵگرانی ڕێگای (كه‌ركوك - ته‌ق ته‌ق - كۆیه‌ - هه‌ولێر) ته‌نها شه‌وان ده‌توانن هاتووچۆ بكه‌ن،

ئه‌مرۆ ئه‌ككاونتی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند " ئاگاداری شۆفێره‌ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕێگای نێوان (كه‌ركوك و ته‌ق ته‌ق و كۆیه‌ و هه‌ولێر) ته‌نها شه‌وان له‌ كاتژمێر (8)ی ئێواره‌ تا كاتژمێر (6)ی به‌یانی ده‌توانن به‌كاربهێنن، 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه "داوا له‌ پۆلیسی هاتووچۆ و ئاسایشی ناوخۆ ده‌كه‌ین هاوكاری یه‌كدی بن بۆ ڕێگریكردن له‌ سه‌رجه‌م بارهه‌ڵگره‌كان، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه‌ گه‌ر شۆفێری ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان سه‌رپێچی بكه‌ن توشی سزای هاتووچۆ ده‌بنه‌وه‌،

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت ئه‌مرۆ ئێواره‌ به‌شێك له‌دانیشتووانی قه‌زای كۆیه‌ هه‌ستان به‌ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێك و ماته‌مینی گشتیان ڕاگه‌یاند بۆ قوربانیانی ڕێگای (كۆیه‌ - هه‌ولێر) و داوایان كرد ڕێگاكه‌ بكرێت به‌ دوو ساید 




وێنە.. شانۆکارێکی تری کۆیە دژ بە خراپی ڕێگا و بانەکان ناڕەزایی دەردەبرێت


شانۆکارێکی تری کۆیە لەسەر خراپی ڕێگای نێوان هەولێر – کۆیە وەکو کەسێکی مردوو بە جل و بەرگی سپیەوە لە شێوەی کفن، ناڕەزایی دەردەبرێت.

شانۆکار، ئومێد ڕەزا دانیشتووی کۆیە  ڕاگەیاند" لەسەر ڕێگای کۆیە ـ هەولێر بەم شێوازە دەنگی خۆم دەگەیەنم بەرامبەر بە ڕێگای مەرگ، چونکە ئەو ڕێگایە بەهۆی زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆوە بووە بە ڕێگای مردنی ئازیزانمان".

نمایشی ئەو شانۆکارەی کۆیە لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەهەمان شێوە شانۆکارێکی تری شاری کۆیە بە قوڕ بەسەرخۆداکردن ناڕەزایەتیەکانی خۆی سەبارەت بە زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو ڕێگایە خستەڕوو .

بەوتەی بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیەشلە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر،  کە نزیکەی هەشت مانگ دەبێت، زیاتر لە ١٥٦ ڕووداوی هاتوچۆ ڕویانداوە کە بەهۆیەوە ١١ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٢٠٣ هاوڵاتی تریش برینداربوون.




source - NRT

شانۆکارێک لە سەر ڕێگای کۆیە هەولێر قوڕاوی کرد بەسەری خۆیدا


ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای سەرەکی کۆیە هەولێر، بەهۆی زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە شانۆکارێک قوڕاوی کرد بەسەری خۆیدا.

شانۆکار (هونەر تاهیر) لەبارەی ئەو کارەی وتی: ویستویەتی لەو ڕێگەیەوە سەرنجی لایەنی پەیوەندیدار ڕابکێشێت، بۆ زۆری ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بۆیە قوڕپێوانی هەڵبژاردووە، چونکە لەناو کورددا قوڕپێوان ئەو پەڕی بێتاقەتی و ناڕەزایی دەربڕێنە.

ئەو گەنجە بەمەبەستی دروستکردنی فشار بۆ چاککردن و بەدوو سایدکردنی ڕێگاوبانەکانەکان و کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ئەو کارەی کردووە.

لە ڤیدیدۆییەکدا داوادەکات، کە خەڵکی بەجدی فشاردروستبکەن و تەنیا لەڕێی هاشتاگ و فەیسبووکەوە بەشداری نەکەن.

بەرێوەبەری هاتوچۆی کۆیەش، دەستخۆشی لێدەکات و پشتیوانی بۆ دەردەبرێت، بۆ ئەوەی کە ئەوە ببێتە فشارێک بۆ سەر حکومەت بۆ باشکردنی ڕێگاوبانەکان و کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دووسایدکردنی ڕێگاکە.

بەپێی ئامارەکانی هاتووچۆی هەرێم، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٦٩ هەزار ئۆتۆمبێلی هەبووە جگە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان، کە زۆرترینیشیان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە کە ٧٠٥ هەزار ئۆتۆمبێلی تێدایە.

ڕووداوەکانی هاتووچۆ، کە لە هەرێمی کوردستان بە دووەمین هۆکاری مردن دادەنرێن، بەپێی ئامارەکان تادێت ساڵ بەساڵ لە زیادبووندان، بەجۆرێک لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.


Source - NRT

کۆیە: هەرکەسێک چەك هەڵبگرێت سزا دەدرێت و دەست بەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت


لیژنه‌ی ئه‌منی قه‌زای كۆیه‌، له‌سه‌ر بارودۆخی ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌ چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد له‌ قەزاکه‌دا بەمەبەستی بنەبڕكردنی تاوان ‌و دیاردەی چەكداری‌ و ئۆتۆمبێلی بێ‌ ژمارە و بێ‌ مۆڵەت‌، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات به‌توندترین شێوه‌ سزا ده‌درێت،

 شۆڕش كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه‌ له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند" له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی به‌ڕێز بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆو له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی گشتی و سه‌روماڵی هاوڵاتیان به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز قایمقامی كۆیه‌ به‌وه‌كاله‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان له‌هێزه‌ئه‌منییه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا و بڕیار له‌سه‌ر بن بڕ كردنی ئه‌م دیاردانه‌ درا:

1- ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت
2- قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌دوای ده‌وامی فه‌رمی بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌
3- نه‌هێشتنی دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌قۆ و حه‌ربه‌ و دام بۆكس 
4- به‌دواداچوون و پشكنینی ورد بۆ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان
5- ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌یاره‌ی بێ ژماره‌و جام تاریك و ژماره‌ نایاسایی
6-ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماتۆرسكیلی بێ ژماره‌ و بێزاركه‌ر
7- بازگه‌كانی ئاسایش له‌ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی سه‌ره‌وه‌ ڕاده‌سپێردرێن
8- به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز دادوه‌ری ڵێكۆڵینه‌وه‌ی كۆیه‌ و به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر و به‌ڕێزان فه‌رمانده‌كانی هه‌ردوو لیواكانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری كۆیه‌و به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری فریاكه‌وتن له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 24كاتژمێر كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئه‌منی كۆیه‌ 

وێنه‌ی هاوپێچ

ڤیدیۆ.. بزانە حەوزى ئاوى خواردنەوەى کۆیە چەند قوڕ و لیتەى تێدابووە


چەندین کرێکار سەرقاڵی پاككردنەوەی حەوزێكی ئاون كە تایبەتە بە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەشێك لە دانیشتووانی كۆیە لە پڕۆژەی ئاوی كۆیە – تەق تەق، کە لەناو ئەم حەوزەدا قوڕ و لیتەیەكی زۆری نیشتوو هەیە كە كرێكارەكان خەریكی ڕاماڵینین.

بڵاوبوونەوەی دیمەنی پاککردنەوەی قوڕ و لیتەی ناو حەوزەکە لەلایەن كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كۆیەوە لە فەیسبووك کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە هاووڵاتییان ڕەخنەیان لە حکومەت گرتووە و بە کەمتەرخەمیان زانیوە بەوەی تائێستا کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکەیانی چارەسەرنەکردووە.

بەڕێوەبەری ئاوی كۆیەش دەڵێت، ئەو ئامێرانەی تایبەتن بە پاككردنەوەی حەوزەكان، بەهۆی كۆنی پڕۆژەكەوە ماوەی چەندین ساڵە  لەكاركەوتوون، کە ئەوەش هۆكاری دروستبوونی ئەو قوڕ و لیتەیەیە.

ئەم كارمەندەی تەندروستی کە ڕۆژانە لەم تاقیگەیەوە پشكنین بۆ ئاوی خواردنەوەی قەزاکە دەکات دەڵێت، ئەو پشكنینەی ئەوان دەیكەن بەكترۆلۆجییە، بەڵام دەبوو هەر شەش مانگ جارێك پشكنینی كیمیاییش بۆ ئاوەکە بكرایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پشكنینە ناكرێت.

پڕۆژەی ئاوی كۆیە - تەق تەق كە دەكەوێتە سەر زێی بچووك لە ساڵی ١٩٨٤ دروستكراوە و لە ئێستاشدا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە ٣٠%ی دانیشتووانی كۆیە دابیندەكات، ئەوەی دیکەشی لەڕێی پڕۆژەی بۆگد–كۆیە و بیرەكانی ناوخۆوە دابیندەكرێت.


Source - NRT

"سێ" قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ی سنوری كۆیه‌ خوێندكاری یه‌ك قوتابخانه‌ن


وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی و 9ی بنەڕەتی و خوێندنی پیشەیی راگەیاند. بە سەرجەمیان 57 قوتابی یەکەم، دووەم و سێیەم بوون.

سێ له‌ قوتابییه‌كانی سنوری كۆیه‌ كه‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌میان به‌ده‌ست هێناوه‌ سه‌رجه‌میان خوێندكاری قوتابخانه‌ی (ئاماده‌یی حه‌مرینی كوڕانن)و دانیشتوی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌قن و یه‌كێك له‌ قوتابیه‌كانیش خوێندكاری قوتابخانه‌ی (ئاماده‌یی ته‌ق ته‌قی كچانه‌) كه‌ پله‌ی سێیه‌می (دووباره‌) به‌ده‌ست هێناوه‌،

ڕاوێژ قادر، خوێندكاری قوتابخانه‌ی (ئاماده‌یی حه‌مرین)ه‌ كه‌ توانی پله‌ی دووه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ی كۆیه‌ به‌ده‌ست بهێنێ و تێكڕای نمره‌كه‌ی (%98.86)

أسامه‌ قوباد، خوێندكاری قوتابخانه‌ی (ئاماده‌یی حه‌مرین)ه‌ كه‌ توانی پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بهێنێت له‌سنوری كۆیه‌ و دانیشتووی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌قه‌ و تێكڕای نمره‌كه‌ی (%97.71)

ڕابه‌ر دلێر، خوێندكاری قوتابخانه‌ی (ئاماده‌یی حه‌مرین)ه‌ كه‌ توانی پله‌ی سێیه‌م به‌ده‌ست بهێنێت له‌سنوری كۆیه‌ و دانیشتووی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌قه‌ تێكڕای نمره‌كه‌ی (%97)


ئاسوده‌ رۆسته‌م، خوێندكاری قوتابخانه‌ی (ئاماده‌یی ته‌ق ته‌قی كچان)ه‌ كه‌ توانی پله‌ی سێیه‌م(دووباره‌) به‌ده‌ست بهێنێت له‌سنوری كۆیه‌ و دانیشتووی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌قه‌ تێكڕای نمره‌كه‌ی (%97)



وێنه‌ی نمره‌كانی (ڕاوێژ قادر) یه‌كه‌می سنوری كۆیه‌ و دووه‌می هه‌رێم





وێنه‌ی نمره‌كانی (اسامه‌ قوباد) دووه‌می سنوری كۆیه‌



وێنه‌ی نمره‌كانی (ڕابه‌ر دلێر) سێیه‌می سنوری كۆیه‌


وێنه‌ی نمره‌كانی (ئاسوده‌ رۆسته‌م) سێیه‌می سنوری كۆیه‌ (دووباره‌)



هەموو ماڵپەر و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئازادە لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی ماڵپەری تەق تەق، بەمەرجێك ئاماژە بە سەرچاوەكە بكات!


خوێندكارێكی ته‌ق ته‌ق دووه‌می سه‌ر ئاستی هه‌رێمه‌

وێنه‌ی (ڕاوێژ) - خوێندكاری ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق


وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی12 ئاماده‌یی یه‌كه‌مه‌كانی له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕايگه‌یاند، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی ده‌رچوون له‌به‌شی زانستی %28 و له‌ وێژه‌یش %18 بووه‌.


خوێندکار (ڕاوێژ قادر حمدامین) بە رێژەی لە (98.86%) لەسەدا نەوەد و هه‌شت پۆینت هه‌شتاو شه‌ش، یەکەمى بەشى زانستى بووە لەسەر ئاستى شارۆچكەی تەق تەق و دووه‌می سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ خوێندکاره‌كانی قوتابخانەی ئامادەیی حمرینی كوڕان لە تەق تەق.

راویژ، خه‌ڵكی ناحیه‌ی سێگردكانه‌ و دانیشتوانی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌قه‌، له‌دایك بووی ساڵی (2000)ه‌ 





له‌سه‌ر رێگه‌ى كۆيه‌ گه‌نجێك درايه‌ به‌ر ده‌ستڕێژى گوللـه‌ و گيانى له‌ده‌ستدا


ئۆتۆمبێلێكى جام ره‌ش، له‌ سه‌ر رێگه‌ى كه‌سنه‌زان – كۆيه‌، گه‌نجێكى دايه‌ به‌ر ده‌ستڕێژى گوللـه‌ و ده‌ستبه‌جێ گه‌نجه‌كه‌ گيانى له‌ده‌ستدا.
رووداوه‌كه‌ كاتژمێر (12:00)ى نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌ كاتى هه‌ولێرى پايته‌خت روويداوه‌.
چه‌كدارێك له‌ ناو ئۆتۆمبێلێكى جۆرى تاهۆ، ره‌نگ ره‌ش، جام تاريك، ده‌ستڕێژى گوللـه‌ى له‌ گه‌نجێك كردووه‌ و به‌و هۆيه‌وه‌ گه‌نجه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ گيانى له‌ده‌ستداوه‌".
تا ئێستا پۆليسى هه‌ولێر و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان هيچ زانيارييه‌كيان له‌ باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ رانه‌گه‌ياندووه‌.
به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌ سه‌ره‌تاييه‌كان ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ رايكردووه‌ و ته‌رمى گه‌نجه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزيشكى دادوه‌رى و په‌ڕاوى لێكۆڵينه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌م رووداوه‌ دووه‌م حاڵه‌تى ته‌قه‌كردن و كوشتنه‌ له‌ ماوه‌ى 24 كاتژمێرى رابردوودا له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر روويدابێت.
حاڵه‌تى يه‌كه‌م به‌ هۆى ده‌ستشكاندنه‌وه‌ بۆ سه‌ر يه‌كتر به‌ ئۆتۆمبێل، گه‌نجێك درايه‌ به‌ر فيشه‌ك و كوژرا.

Source - K24

ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر-كۆیە دەستگیركردنی باندێكی "مەترسیداری" راگەیاند


ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر-کۆیە دەربارەی دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداری دزین و ڕفاندن و تاوانی جۆراوجۆر بۆ / دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو بە هەوڵ و چاوکراوەیی هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر پاش بەداچوون و زانیاری کۆکردنەوە لە ڕێی سەرچاوەکانمانەوە تواندرا لەلایەن یاریدەدەرێتی ئاسایشی( تەق تەق)ــەوە باندێکی مەترسیداری دزین و ڕفاندن و تاوانی جۆراوجۆر دەستگیر بکرێن
کە ئەم باندە پێک هاتووبوون لە 9 پیاو و ئافرەتێک توانراوە 9 تۆمەتباری سەرەکی لە کۆی 10 کەس دەستگیر بکرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێتەوە و لە دادگای لێکۆڵینەوەی (تەق تەق) و تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان ناوە بە چەندین تاوانی جۆراوجۆر وەک 1. ڕفاندنی خەڵک و ئازادکردنیان لەبەرامبەر بڕە پارەیەک 2. هەلکوتانە سەر ماڵان دزینی کەلوپەلی گرانبەها وەک ( لاپتۆپ و ئایپاد و زێڕ و موبایل و پارە) 3. بەکارهێنانی ئافرەت بۆ ئیغرا کردن و وێنەگرتنی کەسی بەرامبەر بۆ وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنەکانیاندا 4. پلاندانان بۆ چەندین تاوانی تر هەلبەتە ئەو تاوانانەی کە ئەم باندە ئەنجامیان داوە پێشتر دەرهەق بە هاوڵاتیان، سکاڵا تۆمار کراوە بەڵام نەتواندراوە ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرا بکرێت بەڵام توانرا لە بەرواری 24 / 5 / 2018 بە هێز و بازوو و چاوکراوەیی هێزەکانی ئاسایش ئەم باندە ترسناکە دەستگیر بکرن و ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەر بگیرێتە بەر.

هێشتا بەشێک لە لیست و قەوارەکانی هه‌ولێر پۆستەر و ڕیکلامەکانیان لێنەکردووەتەوە

پۆستەر و ئاڵاى بەشێک لە قەوارە و کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هێشتا بەشێک لە شەقامەکانى (هەولێر و كۆیه‌ و ته‌ق ته‌ق)یان داپۆشیوە، لەکاتێکدا زیاتر لە هەفتەیەکە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و ئەنجامەکانیش راگەیەنراون.
دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، کۆمسیۆن هەفتەیەک مۆڵەتى دایە قەوارەکان بۆ لێکردنەوەى پۆستەرو ئاڵاى بانگەشەکانیان، بەڵام بەشێکیان پابەندنەبوون بەو وادەیەوە، بەو هۆیەشەوە کۆمسیۆن بەنیازە سزایان بدات.
بەهۆى لێنەکردنەوەى پۆستەر و ئاڵاکان لەلایەن بەشێک لە قەوارە و کاندیدەکانەوە، قایمقامی هەولێر شارەوانییەکانى ئاگادارکردوەتەوە کە دەست بکەن بە لێکردنەوەى پۆستەر و ئاڵاکان، بە پێویستیشى دەزانێت كۆمسیۆن رێكارە یاسایەكان بگرێتە بەر بۆ سزادانی ئەو قەوارانەى كە سەرپێچیان كردووە.
بە پێچەوانەى ئەو قەوارانەى کە پابەندنەبوون بە وادەکەى کۆمسیۆنەوە،
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا کە ١٢ ى ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێر، ٥٠٣ کاندید لە چوار چێوەی ٢٥ حزب و هاوپەیمانیدا کێبڕکێیان لەسەر بە دەستهێنانی ١٦ کورسی کرد، کە یەکێک لە کورسییەکان بۆ مەسیحییەکان تەرخان کرابوو.
بەپێی ئەنجامەکانیش کە حەوت قەوارە رەتیان کردووەتەوە، لەسنورى هەولێر پارتى هەشت کورسی و نەوەى نوێ دوو کورسی و یەکێتى دوو کورسی و هاوپەیمانى و گۆڕان و کۆمەڵ هەریەکەیان یەکى کورسییەکیان بەدەستهێناوە.

به‌كارهێنانی مۆبایل له‌ وێسته‌گه‌كانی ده‌نگدان قه‌ده‌غه‌یه‌


سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ قه‌ڵاچۆكردنی‌ ساخته‌كاریی،‌ لە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت؛ هه‌ر ده‌نگده‌رێك ئامێری‌ تۆماركردنی‌ وێنه‌‌ و ده‌نگ، بباته‌ ناو وێستگه‌كانی‌ ده‌نگدان راده‌ستی‌ پۆلیس ده‌كرێت ‌و لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و دەشڵێت:" بۆ رێگری‌ له‌ ده‌ستكاری‌ ده‌نگه‌كان سێ ئامێرمان هه‌یه‌".

سه‌عید كاكه‌یی‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ قه‌ڵاچۆكردنی‌ ساخته‌كاری‌ هه‌ڵبژاردن، رێوشوێنه‌كانی‌ رێگری‌ له‌ ساخته‌كاری‌ هه‌ڵبژاردن ئاشكراده‌كات ‌و ده‌نگده‌ران دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ لەوەى کە هەمو هەوڵێکیان خستوەتەگەڕ لەپێناو ریگرى لە ساختەکارى و دەستکارى دەنگ و فشارخستنە سەر دەنگدەران بۆئەوەى بێ ویستى خۆیان دەنگ بە لایەنێک بدەن.

سه‌عید كاكه‌یی‌، ئەوە دەخاتەڕو؛ هه‌ر ده‌نگده‌رێك ئامێری‌ تۆماركردنی‌ وێنه‌‌ و ده‌نگ (مۆبایل)، بباته‌ ناو وێستگه‌كانی‌ ده‌نگدان راده‌ستی‌ پۆلیسی‌ بنكه‌كه‌ ده‌كرێت ‌و لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، جا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر پله‌ و پایه‌یه‌كدا بێت،

ڕوونی دەکاتەوە؛ بۆ رێگری‌ له‌ ده‌ستكاریکردنى‌ ده‌نگه‌كان سێ‌ ئامێریان هه‌یه‌‌ کە ئامێری‌ هه‌ژماركردن ‌و جیاكردنه‌وه‌‌ و دڵنیابو‌نن و دەشڵێت:"هه‌ر سندوقێك (25%)ى ده‌نگی‌ دوباره‌ی‌ تێدا بێت خه‌تێكی‌ سوری‌ لێده‌درێت ‌و ده‌نگه‌كانی‌ ناوی‌ ده‌سوتێن".

لەبارەى هەوڵى هەندێک لایەن بۆ دانانى کارمەندى خۆیان لە بنکەکانى کۆمسیۆن، کاکەیى دەڵێت:"نزیكه‌ی‌ (56) هه‌زار كارمه‌ندی‌ كاتیی‌ كۆمسیۆن كه‌ تێبینیان له‌سه‌ربوه‌ دوخراونه‌ته‌وه‌، هه‌ر كارمه‌ندێكیش بچوكترین گومانی‌ له‌سه‌ر بێت دور ده‌خرێته‌وه‌".

Source - Kurdio

لاهور شێخ جەنگی: خەڵكی تەقتەق 31 ی ئابی بیرناچێتەوە كە دەستدرێژی شەرەفی تێدا كرا


ئەمرۆ بەمەبەستی ناساندنی كاندیدانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری لیستی یه‌كێتی لە ته‌ق ته‌ق ڕێكخرا،
لەكەرنەڤاڵی ناساندنی كاندیدانی لیستی یەكێتی بۆ لایەنگران و ئەندامانی یەكێتی،  لاهور شێخ جه‌نگی ڕایگه‌یاند: ئێوە قەت 31ی ئابتان لەبیرناچێتەوە كە دەستدرێژی شەرەف بەرامبەر بەم شارەكرا.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستا پرۆسەیەكی گەورە بەڕێوەدەچێت ئەویش هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە بۆ گەلی كوردستان و كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان، هەموومان هەوڵ دەدەین لەرێی خەباتی مەدەنییەوە بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین نوێنەر بنێرین بۆ بەغدا.
لاهور شێخ جەنگی جەختیشیكردەوە: هەموو دوژمنانی گەل و چواردەورمان لەناوخۆ و دەرەوە هەوڵی گەلە كۆمەكێ بۆ سەر یەكێتی دەدەن، سەرەتا لەرێی لەتكردنی سەركردایەتی یەكێنتییەوەكە ئەو پیلانەیان بۆ نەچووە سەر، ویستیان لەرێی ریفراندۆم كەركووك لەدەست یەكێتی بچێت، لێرەوە پێیان دەڵێین خەیاڵیان خاوە تا یەكێتییەك مابێت كەركووك بەكوردستانی دەمێنێتەوە، ئەوە ئێمەین یەكێتیین لەكەركووك ماوینەتەوە.
لاهور شێخ جەنگی وتیشی: ئێوەی خەڵكی بەشەرفی ئەم سنورەقەت 31ی ئابتان بیرناچێتەوە تەعدای شەرەفكراوە لەم ناوچەیە لەو كاتەدا، بۆیە ئێستا موئامەرەیەكی گەورە بەڕێوەیە، گلەیی و گازندەكانتان وەلاوە بنێن، ئێمە قەرزاری ئێوەین، بەڵێنتان پێدەدەین یەكێتی نوێدەبێتەوە.

وێنه‌1

وێنه‌2

تەق ته‌ق: بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ماتەمینی راگەیاندرا



ئەمشەو یەکشەممە 18ی ئازار، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک رایگه‌یاند; بەهۆی داگیركردنى عه‌فرین و كۆمه‌ڵكوژی هاووڵاتیان و تاڵانكردنى سه‌ر و ماڵیان، بڕیاریدا به‌ ڕاگه‌یاندنى ماته‌مینى بۆ ماوه‌ی "سێ ڕۆژ" له‌ سنورى ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئاهه‌نگه‌كانى تایبه‌ت به‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز


ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق: 
"پرسەی خۆمان ڕادەگەێنین بۆماوەی ٣ ڕۆژ بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی عەفرین و سەرجەم شەھیدانی کوردستان، ھەر بەم بۆنەیەوە ھیچ چالاکیەکی وەک (ئەسپسواری و ماڕاسۆن و پاسکیل سواری ھتد...) ئەنجامنادرێت کە لەپێشتردا ڕاگەیاندرابوو، تەنھا کردنەوەی ئاگر و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان نەبێت،


ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ لێژنه‌ی باڵای یادی نه‌ورۆز له‌كۆیه‌ ڕایگه‌یاند:
"ئاگاداری خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری كۆیه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌هۆی داگیركردنی كانتۆنی عه‌فرین وه‌كو رێز و وه‌فایه‌ك بۆ قوربانیان و به‌رخودان و به‌رگری شه‌رڤانان بریارماندا به‌ گۆرینی ئاهه‌نگی یادی نه‌ورۆز بۆ نه‌ورۆزی پشتیوانی له‌ عه‌فرین
له‌هه‌مان شوێنی دیاری كراو چه‌ندین چالاكی بۆ پشتیوانی عه‌فرین به‌رێوه‌ده‌چێت

له‌ دواى 58 ڕۆژ به‌رخودان، سوپاى توركیا و هێزه‌ هاوپەیمانەکانیان توانیان بچنە ناو عه‌فرین و داگیری بكه‌ن و سوكایه‌تى به‌ هێما و خه‌ڵكى كورد بكه‌ن له‌ شاره‌كه‌دا و له‌ هه‌ندێك شوێنیش كۆمه‌ڵكوژییان ئەنجامدا.

كۆیه‌: دوو بكوژى ژنێك ده‌ستگیركران


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی قه‌زاى كۆیه‌ ده‌ستگیركردنى دوو له‌تۆمه‌تبارانى بكوژانى ژنێكی راگه‌یاند كه‌ 21ی كانوونى یەکەمی 2017 ته‌رمه‌كه‌یان له‌نێوان گونده‌كانى شاخه‌ پیسكه‌ و گۆمه‌شین فڕێدابوو.

شۆرش كاكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زاى كۆیه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند، به‌هاوكاری پۆلیسی هه‌ولێر و رانیه‌ دوو له‌ تۆمه‌تبارانى بكوژانى ئه‌و ژنه‌مان ده‌ستگیركرد كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌که‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراو فڕێدرابوو.


به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی كۆیه‌ وتیشی "تۆمه‌تباره‌كان به‌مادده‌ى (406) له‌یاسای سزادانى عیراقی ده‌ستگیركراون ئیستاش به‌ بڕیاری دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ى شاری كۆیه‌ دۆسیه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌".

ژنە کوژراوەکە ناوی (د.م.ع)ەو ته‌مه‌نى 26 ساڵ بوو خاوه‌نى منداڵێكى سێ ساڵان بوو هاوسه‌ره‌كه‌ى ماوه‌ى ساڵێكه‌ له‌ زیندانى چاكسازی هه‌ولێر ده‌ستگیركراوه‌.

رۆژى  21ی كانوونى یەکەمی 2017 له‌ نیوان گونده‌كانى شاخه‌ پیسكه‌ و گۆمه‌شین ده‌كوژرێ و ته‌رمه‌كه‌ى جێده‌هێڵرێت و هیچ ناسنامه‌یه‌كیشی پێ نه‌بوو، به‌ڵام پۆلیسی كۆیه‌ به‌هۆی هه‌بوونى تاتۆیه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ژنه‌كه‌ ته‌رمه‌كه‌یان ناسیوه‌تەوە.


دواتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی كۆیه‌ رایگه‌یاند، ژنه‌كه‌ دانیشتوى پاریزگای هه‌ولێر بووه‌ و له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كوژراوه‌ و دادگاش فه‌رمانى گرتنى بۆ چوار كه‌س ده‌ركرد كه‌ دانیشتوونى هه‌ولیر و رانیه‌ بوون.


دواى (11) رۆژله‌ روودانى ئه‌و تاوانه‌ باپیری ژنه‌ كوژراوه‌كه‌، ته‌رمه‌كه‌ی له‌ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر وه‌رگرته‌وه‌ و به‌خاكی سپارد.

دواڕۆژ، مادح جه‌مال

کچە 20 ساڵانەکەی کۆیە کێ کوشتی؟

نووسه‌ر: ناسك واحید

لە کۆمەڵگای کوردیدا کاتێک کارەساتێک.ڕوودەدات قسە تەنھا لەسەر ئەنجامی کارەساتەکە دەکرێت و بە دوای ئەنجامدەرانی کارەساتەکە دەگەڕێن بێ گوێدانە ھۆکاری ڕوودانی..ژن کوشتن لە دیاردەو کارەساتەوە بووە بە کلتوروو پەڵەیەکی ڕەشە بە کلتوری کوردەواریەوە وەک ھەمیشە کاتێک ژنێک دەکوژرێت بە دوای بکوژەکەیدا دەگەڕێن و بەنەفرەتی دەکەن و پاشان چەند ساڵێک دەخرێتە زیندان و پێش تەواوبوونی وادەی زیندانیەکەی بکوژ بەر یاسای  لێبوردنێکی گشتی دەکەوێت و دیسان و دیسان و دیسان ژن کوشتن بە ناوی شەرەفەوە بەردەوامی ئەبێت،جا ئێستا زۆرینەی کۆمەڵگا ڕۆشنبیرەکەمان ئەڵێن بە نەفرەت بێت بکوژی ئەم کچە..ئەزانن بکوژی ئەو کچە کێیە؟ئێوەن ھەموتان..

مەگەر ھەر ئێوە نین کچێک سەردانی کافێیەک بکات بە بێ ساحێبی دەزانن؟ئەی ئێوە نین خۆشەویستی نێوان دوو گەنج زەمی بەردەرگاو دەمەتەقێی گەرمی ناو چایخانەکانتانە؟ئەی ئێوە نین شەرەفی بنەماڵەیەک بە دڵداری نەکردنی کچە تازە پێگەشتوەکەیان دەزانن..

ئەی ئێوە نین دەستان خستۆتە ژێر چەناگەتان و بەوپەڕی ڕێزەوە گوێ لەو مەلایە دەگرن کە دەڵێت کچان مەنێرنە زانکۆ تا بێ ئەخلاق نەبن..ئەی ھەر ئێوە نەبوون بۆ لەدایکبوونی کوڕ داوەی مژدانەتان دەکردوو بۆ لەدایکبوونی کچ کۆستتان دەکەوت ..ئێوە مێژوویەکی پوچتان ھەیە لە نرخ دانان بۆ توانای ژن بۆیە نیشتیمان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە کارەساتی تێدا خوڵقاوە ئەو کچە بە تەنھا پیاوێک نەیکوشتووە  ئەو کچە کۆمەڵگایەکی ھیچ و نەخۆش بە کوشتی داوە لە ئەنجامی ئەو فشارە دەرونیە نابەجێیانەی کە کۆمەڵگا دەیخاتە سەر مێشکی باوک و  برای ئەو کچە..

فێربن شەرەفی ئێوە ھەڵەی کچەکانتان نیە..ئەو کاتەی کچەکەت ھەڵەیەک دەکات لە ئامێزی بگرەو بە خۆشەویستیەوە ڕێگەی ڕاستی پیشان بدە ڕەنگە ئەوەی تۆ بە ھەڵەی دەزانی حەقیقەتی ژیان و ئەو بێت..کوشتنی ئەم کچە ھیچ ڕاینەچەڵەکاندم ھەتا کۆمەڵگا لەم ئاستەدا بێت چاوەڕێی کوشتنی کچانی دیکەش بن.فێربن لە کاتی کارەساتەکان قسەکانتان مەگۆڕن بیرکردنەوەکانتان بگۆڕن تا کۆمەڵگا ئیدی پاکبێتەوە لە خوێن ڕشتن.
 


فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كۆیه‌ی‌ یه‌كێتی‌ دەردەکرێت


دادگای‌ كۆیه‌ به‌هۆی‌ ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ژماره‌یه‌ك به‌رپرس ده‌ركرد كه‌ له‌ نێویاندا لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كۆیه‌ی‌ یه‌كێتی‌ تێدایه‌.
به‌ پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ (تۆڕی میدیای گۆڕان) دوای‌ تۆماركردنی‌ سکاڵای یاسایی‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هید هێرش عومه‌ر كه‌به‌گوله‌ی‌ هێزی‌ ئه‌منیه‌كان له‌به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی‌ كۆیه‌ی‌ یه‌كێتی‌ رۆژی‌ خۆپیشاندانه‌كان بریندار بو دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ هه‌ولێر گیانی‌ له‌ده‌ستدا، دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ كۆیه‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (406) له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌منی‌ و حیزبی‌ له‌ كۆیه‌ ده‌ركرد.
هاوكات دادگای‌ كۆیه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی‌ ئاڕاسته‌ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ زوترین كات ده‌ستگیر بكرێن و له‌ نێو ئه‌و كه‌سانه‌شدا كه‌ داوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ كراوه‌ ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كۆیه‌ی‌ یه‌كێتی‌ تێدایه‌.