لەسەر گیسكێك 6 كەس كوژران و برینداربوون



لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لەسەر گیسكێك، لە گوندی بیرۆكانی سەر بە شارەدێی هیران لە سنووری شارۆچكەی شەقڵاوە، دوو كەس كوژران و 4 ی دیكە برینداربوون.

سەمیر غازی، یەکێک لە شایەتحاڵەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی شەممە 9-7-2016، لەسەر ونبوونی گیسکێک دەمەقاڵێ و ناکۆکی لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو، دواتر گیسەکەكە دۆزرایەوە و کێشەکە بۆ ماوەیەك چارەسەربوو.

یەكێك لەو ماڵانەی كێشەكەیان لەنێوان دروستبووە، ماڵی مامی سەمیر غازین، ناوبراو گوتی "کاتێک ویستم بڕۆم، شەڕەتەقە دروستبوو، دراوسێیەکەمان تەقەی لە ئامۆزایەکەم کرد و برینداری كرد، منیش چووم دەمانچەکەم لەدەستی دەرھێناو ویستم ئامۆزاکەم ببەمە نەخۆشخانە، کەچی ئامۆزاکانی دیکەم تەقەیان کرد و شەڕەکە گەورەبوو".

سەمیر غازی کە بەپێی قسەی خۆی ھەوڵی نێوبژیوانی داوە، زۆرتر گوتی "ئامۆزایەکی من و کەسێکی دیکە لە بنەماڵەی ئەوان کوژران، 4 کەسیش برینداربوون، دوو لە بریندارەكان لە بنەماڵەی ئێمەن و دوو بریندارەكەی دیكەش لە بنەماڵەی ئەوانن، بریندارەکان گیانیان لە مەترسی دایە و رەوشیان باش نییە".

رزگار حەسەن ناسر، قائیمقامی قەزای شەقڵاوە ھەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند:" رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە".

ڕووداو

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار