خەستبوونەوەى خوێن و چارەسەرکردنى بە خۆراک:
بەهۆى خەستبوونەوەى خوێنەوە جەستە رووبەڕووى گرفت لە گەیشتنى ئۆکسیجین، نەخۆشیەکانى کۆئەندامى هەناسە، پلەى گەرمى بەرز دەبێتەوە و دواجار دەبێتە هۆى خاوبوونەوەى هاتۆچۆى خوێن لەنێو دەمارەکاندا و مەترسی جەڵتەى دەماخ و دڵى لێدەکەوێتەوە.
زۆرجار نیشانەکانی بریتی دەبن لە خورانى پێست دواى خۆشتن، لاوازى گشتى جەستە، بەردى گورچیلە، ئازارى ئێسک و گەورەبوونى جگەر و سپڵ و نیشانەکانیشى هەرگیز بە رەنگى خوێن دەست نیشان ناکرێت و و رەشبوونى خوێن وەک هەندێک ئاماژەى پێدەکەن نیشانەى خەستبوونەوەى نیە و دەبێت لە رێى تاقیگەى پزیشکیەوە دەست نیشان بکرێت.
پسپۆرانى تەندروستى و خۆراکیش چەند خۆراکێک بۆ روون بوونەوەى خوێن و رزگاربوونى لە خەستیەکەى دەست نیشان دەکەن کە بریتین لە خواردنى میوەى وەک گێلاس، مۆز و ئاولیمۆى ترش و سەرجەم ئەو خۆراکانەى کە ڤیتامین و ریشاڵیان تێدایە و خواردنەوەى هەشت پەرداخ بەرەوژوور ئاویش پێشنیار دەکرێت و ئەمە جگە لەوەى کە جگەرەکێشان زیانى زۆرى بۆ خەستبوونەوەى خوێن هەیە.
لە لایەکى ترەوە پسپۆرانى تەندروستى و خۆراک ئاماژەش بەوە دەکەن ئەو کەسانەى کە بەرنامەى خۆراکیان زیاتر پشت بە رووەک دەبەستێت کەمتر تووشی خەستبوونەوەى خوێن دەبن و رێنمایی هەمووان دەکەن کە رۆنى خەست، گۆشتى چەور و دوگى مەڕ کەمتر بخورێت و لە بری ئەمانەدا سوود لە ماست، ماسى، سەوزە و میوە وەربگیرێت.
عبدالله ئهنوهر