خالید محمد - کۆیە
کاتژمێر ٦:٣٠ دوێنێ ئێوارە ٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٦، ئافرەتێکی دانیشتوی شارۆچکەی تەق تەق، بەهۆی بەرکەوتنی گولە تاپڕێکەوە برینداردەبێت و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ڕێگای نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەو ئافرەتە دەبرێت بۆ نەخۆشخانەی گشتی تەق تەق، بەڵام بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆیە و بەر لە گەشتی بە نەخۆشخانە گیان لە دەست دەدات.
دواتر بۆ پشکنینی زیاتر و لێکۆڵینەوە تەرمەکەی گوێزراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری لە کۆیە.
ساڵح خدر ساڵح لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەق تەق بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تاوەک ئێستا دیارنیە کە ئایا ئەو ئافرەتە خۆی گولەکە بەخۆیەوە ناوە، یاخود کەسێکی تر تەقەی لێ کردووە.
لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەق تەق ئاماژەی بەوەشکرد، کەس سکاڵای نەکردوە و هیچ کەسێکیش لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە.