دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجامدەرى تەقینەوەکانى کۆیە هەڵهاتووە و دوو کەسیش بە تۆمەتى تێوەگلان لە تەقینەوەکانى بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتدا دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ ٢٦ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ دەزگاى ئاساشى هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى لەسەر تەقینەوەکانى بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستان بڵاوکردەوە.
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا لەبارەى تەقینەوەکانى بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستان (حەدەک) باسى ئەوەیکردووە "بە تۆمەتى تێوەگلان لە تەقینەوەکانى بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستان دوو کەسمان دەستگیرکردووە".
ئەوەش خراوەتەڕوو "تۆمەتبارى سەرەکى تەقینەوەکانى کۆیە ئاشکرا کراوە و هەڵاتووە".
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکردووە "دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلى تایبەتى تۆمەتبارى سەرەکى تەقینەوەکاندا و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنى چڕکراونەتەوە".
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان ئەوەشى ڕاگەیاندووە "ڕاى گشتى ئاگادار دەکەینەوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و لەکاتى گەیشتنمان بە ئەنجامى کۆتایى ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەین".
تەقینەوەکانى بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستان – ئێران (حەدەک) لە کۆیە
شەوى ٢١ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ لە بەردەم بارەگاى حزبى دیموکراتى کوردستان – ئێران (حەدەک) لە قەزاى کۆیە دوو بۆمبى چێندراو تەقێنرانەوە، کە بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگەى حزبى دیموکرات و دوو ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى هەرێم شەهید بوون و سێ پێشمەرگەى تریش برینداربوون.