بەهۆی هەژارییەوە پیاوێكی نیشتەجێی تەق تەق كچە تاقانەكەی دەفرۆشێت

دواڕۆژ، مادح جەمال

بەهۆی كەمدەرامەتی و هەژارییەوە، پیاوێكی كوردی دانیشتووی موسڵ كچە تاقانەكەی دەفرۆشێت و دایكی كچەكەش داوای گەڕانەوەی دەكات، بەڵام ئەو خێزانەی منداڵەكەیان كڕیوە ئامادەنین كچەكەیان بدەنەوە. 

لە مانگی كانوونی دووەمی 2014دا، لە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆك  (ئ ع) كە تەمەنی سێ‌  مانگ بوو بە 200 دۆلار لەلایەن باوكیەوە بەبێ ئاگاداری دایكی فرۆشرا.

لەیلا قاسم، دایكی ئەو كچەی فرۆشراوە چیرۆكەكە بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە و دەڵێت "پێشتر ئێمە دانیشتوی موسڵ بووین، بەڵام ئێستا لەگەڵ خێزانەكەم لە ناحیەی تەقتەق لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێین، كاتێك من نەخۆش بووم لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشكیدا بووم و بۆ ماوەی دوو مانگ بێهۆش بووم، هاوسەرەكەم منداڵەكەم كە كچ بوو بە 200 دۆلار فرۆشتی،  چونكە باری داراییمان زۆر خراپ بوو".

ئەو بەچاوی پڕفرمێسكەوە وتی "لەلایەكەوە باری داراییمان زۆر خراپ بوو، لەلایەكی ترەوە كەسوكاری پیاوەكەم منداڵەكەیان بۆ بەخێونەكردین، لەبەرئەوەی كەسوكارەكەی منیش لەشاری موسڵ نیشتەجێن بۆیە پیاوەكەم نەیتوانیوە بیباتە لای كەسوكاری من".

دایكی ئه‌و منداڵە وتیشی "كاتێك لە نەخۆشخانە گەڕامەوە یەكسەر چوومە ئەو ماڵەی منداڵەكەی منی لێبوو، زۆر هەوڵمدا منداڵەكەیان پێ نەدامەوە و وتیان ئەگەر بزانین كێشەمان بۆ دروستدەكەیت رێگەنادەین منداڵەكە ببینی".

ئەو خێزانەی (ئ)یان كڕیوە، حەوت كوڕیان هەیه‌، بەڵام كچیان نییه‌ بۆیە ئەو كچەیان كڕیوە، هاوكات دایكی (ئ) دوای ئەو كچە منداڵێكی تری هەبووە، بەڵام پێش لە دایكبوونی منداڵەكە مردووە و دكتۆر پێیڕاگەیاندوە كە چیتر منداڵیان نابێت، ئەو هەواڵەی دكتۆر هێندەی تر دایكی نیگەران كردوە.

لەیلا، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئەو خێزانەی كچه‌كه‌یان كڕیوە پێیانڕاگەیاندوە، نەچێت بۆ ئەو ماڵەیان بۆ بینینی كچەكەی و بەهۆیەوە ئەو ئافرەتە دەڵێت "ژیانمان زۆر ناخۆش بووە و هەمووكات لە بیركردنەوەی كچەكەم دەگریم و هاوسەرەكەم هەموو وێنەكانی رەش كردومەتەوە و ناچاربووم بەدەست لە دیواری ماڵەكەمدا وێنەیەك دروستبكەم و خەم و ئازاری دووری كچەكەم كەمبكەمەوە".

وتیشى، كچه‌كه‌ى ئێستا تەمەنی دوو ساڵ و سێ‌ مانگە و ئەو خێزانەشی كڕیویانه‌  ناوەكەیان گۆڕیووە بۆ (ب)، چونكە هەر ئەوكاتەی منداڵەكەیان وەرگرتووه‌ لە دادگا كچەكەیان خستوه‌ته‌سەر ناوی خۆیان و هاوسەرەكەشى مۆری كردووه‌ بۆیان.

لەیلا قاسم وتیشی "بۆ گەڕانەوەی كچەكەم لە دادگای تەقتەق سكاڵام لە دژی ئەو خێزانە تۆماركردوە كە كچەكەیان كڕیوم، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەم نییە بۆ گرتنی پارێزەر بۆیە تائێستا سكاڵاكەم هیچ سوودێكی نەبوە".

لەبارەی فرۆشتنی كچەكەی، عومەر عەبدولرەحمان باوكی ئه‌و كچه‌ بە دواڕۆژی وت "من ئێستا زۆر پەشیمانم لەو كارە، بەڵام ئەو كاتە كچەكەم نەخۆشبوو منیش توانای چارەسەریشیم نەبوو، چونكە من كرێكاری شارەوانی بووم پارەم نەبوو، هەرچەندە ئێستاش بێكارم و هیچ بڕە پارەیەكەم نییە بەڵام پەشیمانم لەو كارە".

لەبەرامبەردا حاكم رەمك رەمەزان، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەم رووداوە لە دەرەوەی ناحیەكەیان روویداوە، بەڵام هەرچیەكیان پێبكرێت درێغی ناكەن تا ئەو كێشەیە چارەسەربكەن".

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

:)
:(
hihi
:-)
:D
=D
:-d
;(
;-(
@-)
:P
:o
:>)
(o)
:p
:-?
(p)
:-s
(m)
8-)
:-t
:-b
b-(
:-#
=p~
$-)
(y)
(f)
x-)
(k)
(h)
cheer