په‌رله‌مانتارێك: گرتنه‌وه‌ی ئاوی‌ زێی‌ بچووك ده‌بێته‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی 40%ی‌ ئاوی به‌نداوی دوكان

2/7/2017 

په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات گرتنه‌وه‌ی ئاوی‌ زێی‌ بچووك ده‌بێته‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی 40%ی‌ ئاوی به‌نداوی دوكان و داواش ده‌كات نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كونسوڵخانه‌كان له‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ به‌نداوه‌كه‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ وه‌فدێك له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ سه‌ردانی به‌نداوی دوكانیان كرد.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا، په‌رله‌مانتاری‌ لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری  و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و ئاوه‌ی ساڵانه‌ ده‌ڕژێته‌ به‌نداوی دوكانه‌وه‌ 60%ی‌ هی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌ و 40%یشی‌ هی زێی بچووكه‌، واتا گرتنه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی 40%ی‌ ئاوی به‌نداوی دوكان. 

ناوبراو وتی‌ "ئێستا به‌نداوی دوكان 4 ملیارد و 600 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی تێدایه‌، له‌كاتێكدا ساڵی ڕابردوو هه‌مانكات 5 ملیارد و 600 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی تێدا بووه‌".

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، پێش گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك و له‌ڕۆژانی ئاساییدا ئاوی به‌نداوه‌كه‌ ته‌نها دوو سه‌نتیمه‌تر ئاوه‌كه‌ی داده‌به‌زی له‌كاتی به‌ردانه‌وه‌ی ئاودا، به‌ڵام ئێستادا دوای گرتنه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌، ڕۆژانه‌ له‌كاتی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوه‌كه‌ چوار سه‌نتیمه‌تر داده‌به‌زێت به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو ده‌بێت كه‌متر بكرێته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ پێویستی‌ ده‌زانێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و كونسوڵخانه‌كان كه‌ له‌ هه‌رێمدا هه‌ن له‌  مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م كاره‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌، حكومه‌تی ناوه‌ندیش به‌جددی بێته‌ سه‌ر خه‌ت و داوا بكات كه‌ پێویسته‌ ئێران پابه‌ند بێت به‌ڕێكه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ڕووباره‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وڵاتاندا.

پڕۆژه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ئه‌م شار و شارۆچكانه‌ش له‌سه‌ر به‌نداوی دوكانن (تەق تەق، كۆیە، سلێمانی، دوكان، بازیان، تاسڵوجه‌ ، پیره‌مه‌گرون، به‌شێك له‌چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ركوك و دوزخورماتوو هتد..) جگه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی كشتوكاڵكردن.

به‌نداوی دوكان ته‌مه‌نی 60 ساڵه‌ و توانای كۆگاكردنی شه‌ش ملیارد و 800  ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ و گه‌وره‌ترین به‌نداوه‌ له‌ هه‌رێمدا كه‌ به‌ ته‌نها له‌هه‌موو به‌نداوه‌كانی تری هه‌رێم ئاو زیاتر ده‌گرێت.

-وێستگه‌ نیوز

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار