جوتیارێکی دانیشتووی شارۆچكەی تەق تەق وەک ناڕەزایەتییەک نزیکەی ٢٧٠ کیلۆ خەیاری لەسەر شەقامێک هەڵڕشت و دەڵێت بۆ ٣٠ کیلۆ خەیار هەزار دیناریان پێداوم.
مەڵبەند سەلاح، جوتیارێکی شارۆچكەی تەق تەقە لەبارەی ئەو ناڕەزایەتییەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "من تازە هاوسەرگیریم کردووە و کرێچیم، ئەمڕۆ ڕۆشتوومەتە عەلوە بۆ فرۆشتنی ٢٧٠ کیلۆ خەیار، بەڵام بۆ ٣٠ کیلۆ تەنها هەزار دیناریان پێداوم".
وتیشی "من لەسەر وەزارەتی ناوخۆ فەرمانبەرم و ئەو موچەیەی کە وەرمگرتووە داومە بە کشتوکاڵ و باخداری، بەڵام ئەوەتا کە حکومەت ناتوانێت دەستی ئێمە بگرێت بۆ ساغکردنەوەی بەروبومەکانمان".
ئەو جوتیارە دەشڵێت "برایەکم ئەرکی پاککردنەوەی ئەو شەقامەی لە ئەستۆگرتووە و من کاری کارمەندانی پاککەرەوەم قورس نەکردووە".
ساڵانە لەکاتی پێگەشتنی بەروبومە کشتوکاڵییەکان، نرخی ئەو بەروبومانە لە هەرێمی کوردستان هەرزان دەبێت، بەجۆرێک جوتیاران وەک ناڕەزاییەک لەبەرامبەر هاوکاری نەکردنی حکومەت و هاوردەکردنی بەروبومی بیانی بەم شێوەیە ناڕەزایی دەردەبڕن.
وێنەكان