گۆیژە بەو هیوایە بوو کە بە دەرکەوتنی لە سۆشیال میدیا و میدیاکاندا ببێتە هیوایەک بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تا پێیان بڵێت کە ئێمەش توانامان هەیە و دەتوانین بە ئاسایی بژین و بە خەونەکانمان بگەین بەڵام لەلایەن هەندێک لە پەڕەکان و بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕانە قێزەونترین کاری بەرامبەر دەکرێت وەک خۆی باسی دەکات.
گۆیژە دەربارەی ئەم دیاردە ناشرینەی کە بەرامبەری کراوە لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەری دواڕۆژی وتی: من هاتم و خۆم دەرخست وەک کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەر کورسی بۆ ئەوەی بە خەڵکانێک بلێم کەسانی سەر کورسی خاوەن هێز و توانایەکی بێوێنەن و دەتوانن ببن بە هەموو شتێک و لە هەمو پلە و پۆست و بەهرەیەکدا رۆڵ بگێڕن، بەڵام بەداخەوە کەسانێک پەیا بوون کە هیچ واتاییەکیان بۆ مرۆڤ بوون نەهێشتووە، دەیان جنێو و قسەی بریندارکەر و هەرەشە بەمن دەکەن.
وتیشی: بەڵگەم لایە کە نامەم بۆ دەنێرن و لە پەیجەکاندا و بەشێک لە میدیاکاندا باسم دەکەن و قسەی ناشرینم بۆ دەنوسن.
گۆیژە کە لە چەندین بواردا کاردەکات و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە و بەشداری لە چەندین پێشبڕکێدا کردووە ئاماژەی بەوەشکرد: گرنگ نیە تۆ لەسەر قاچت بڕۆی یان کورسی عەقلی مرۆڤ لە سەریدایە نەک لە قاچیدا و ئەگەر عەقلت هەبێ دەتوانی هەموو شتێک بکەی و ئێستا من بومە هیوایەک بۆ ئەوانەی لەسەر کورسین کە زیاتر لە دوو هەزار کەسی تەنیا لەسەر کورسی فۆلۆی پەیچی منیان کردووە و سەیرم دەکەن و هیوایان بۆ دروست بووە کە دەتوانن بگەن بە ئامانجەکانیان سەرەرای باردوخەکەیان .
وێنە
سەرچاوە - دواڕۆژ