پۆستەر و ئاڵاى بەشێک لە قەوارە و کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق هێشتا بەشێک لە شەقامەکانى (هەولێر و كۆیه و تهق تهق)یان داپۆشیوە، لەکاتێکدا زیاتر لە هەفتەیەکە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و ئەنجامەکانیش راگەیەنراون.
دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، کۆمسیۆن هەفتەیەک مۆڵەتى دایە قەوارەکان بۆ لێکردنەوەى پۆستەرو ئاڵاى بانگەشەکانیان، بەڵام بەشێکیان پابەندنەبوون بەو وادەیەوە، بەو هۆیەشەوە کۆمسیۆن بەنیازە سزایان بدات.
بەهۆى لێنەکردنەوەى پۆستەر و ئاڵاکان لەلایەن بەشێک لە قەوارە و کاندیدەکانەوە، قایمقامی هەولێر شارەوانییەکانى ئاگادارکردوەتەوە کە دەست بکەن بە لێکردنەوەى پۆستەر و ئاڵاکان، بە پێویستیشى دەزانێت كۆمسیۆن رێكارە یاسایەكان بگرێتە بەر بۆ سزادانی ئەو قەوارانەى كە سەرپێچیان كردووە.
بە پێچەوانەى ئەو قەوارانەى کە پابەندنەبوون بە وادەکەى کۆمسیۆنەوە،
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا کە ١٢ ى ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێر، ٥٠٣ کاندید لە چوار چێوەی ٢٥ حزب و هاوپەیمانیدا کێبڕکێیان لەسەر بە دەستهێنانی ١٦ کورسی کرد، کە یەکێک لە کورسییەکان بۆ مەسیحییەکان تەرخان کرابوو.
بەپێی ئەنجامەکانیش کە حەوت قەوارە رەتیان کردووەتەوە، لەسنورى هەولێر پارتى هەشت کورسی و نەوەى نوێ دوو کورسی و یەکێتى دوو کورسی و هاوپەیمانى و گۆڕان و کۆمەڵ هەریەکەیان یەکى کورسییەکیان بەدەستهێناوە.