لە تەق تەق مار زیادیکردووە



لەگەڵ ئەو زیانانەى ڕووبەڕوویانبووەتەوە بەهۆى زۆرى بارانبارین لەکاتى پێگەیشتنى بەروبوومدا، زۆربوونى مار لەناو زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کێشەیەکى دیکەى ڕووبەڕووى جوتیاران کردووەتەوە.

هیمداد جوتیارێكی گوندی موخەڕەس لە ناحیەی تەقتەق دەڵێت، لەمساڵدا مار زۆربووە و ڕۆژى وا هەیە لەڕێگاى چونى لە ماڵەوە بۆ سەر کارەکەى چەند مارێک دەبینێت.

مار جۆریان زۆرە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی ٧٠٠ جۆری مار و هەریەكەشیان ناوێكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەوانەى لە كوردستان زیاتر دەردەكەون و لای هاوڵاتیان ناسراون بریتین، لە ماری تیژڕەو و كورەوەی باب و ڕەش مار و ماری شینی گا هەنگی و زەردە مار، كە زیاتر لە ناوچە دەشتایی و كشتوكاڵییەكان و ناو گۆم و حەوزەكان بوونیان هەیە و جگە لە پێوەدانی مرۆڤ، دەچێتە ناو حەوزی بەخێوكردنی ماسییەوە و ماسییە بچوکەکان دەخۆن.

شارەزایەكی بواری ژینگە هۆکارى زۆربونى مار لەمساڵدا دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمى ماوەى شەپۆلی سەرما لە وەرزی زستاندا کە وایکرد قۆناغی متبوونی مار و زیندەوەرەكانی تر كەم بخایەنێت و توانای گەشەیان خێراتر دەربكەوێت.

بەپێی ئامارەکانى نەخۆشخانەی گشتی تەق تەق لە مانگی ڕابردوودا نزیكەی ١٥ حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك تۆماركراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر ئاگایان لە خۆیان بێت، چونكە هیچ دەرمانێكی تایبەت بە چارەسەرى پێوەدانی مار لە نەخۆشخانەكەیاندا نەماوە.

نەخۆشخانەی تەق تەق سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیەیە، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ماوەی دوو ساڵە لە كۆیەوە دەرمانی چارەسەرى تایبەت بە پێوەدانی ماریان پێنەدراوە، ئەو بڕەی كە پێشتریش وەریانگرتووە زۆر كەم بووە و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی هەولێرەوە پێیاندراوە.



Source - NRT

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار