وەزارەتی پەروەردە کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکان ئاشکرا دەکات



وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەنن.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە کرد، ئێوارەی ئەمرۆ مەراسیمێک ساز دەکرێت بۆ ناساندن و ئاشکراکردنی یەکەمەکانی پۆلی ۹ی بنەڕەتی و ۱۲ی ئامادەی لەسەر ئاستی هەرێم.

ئەوەشی ڕاگەیاند، قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ۱۲ی ئامادەیش دەتوانن لە کۆتایی مەراسیمی ناساندن و ئاشکراکردنی یەکەمەکانی سەر ئاستی هەرێم، ئەنجامەکانیان لە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە وەربگرنەوە.

هاوکات لە چەند رۆژی ڕابردووشدا پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی، ڕێژەی دەرچوون دیاری ناکرێت هەتا دوای تاقیکردنەوەی خولی دووەم، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە خوێندکاران زۆرینەی وانەکانیان دوادەخەن بۆ خولی دووەم.

ڕۆژی ٢٧ی ئایار ئەزموونە وزارى و گشتییەکانى هەرێمى کوردستان دەستیانپێکرد و ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەش کۆتاییان هات، هاوکات وەزارەتی پەروەردەش لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەی ڕاگەیاند.

source - NRT


هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار