به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ته‌ق ته‌ق: ئه‌مڕۆ له‌ماوه‌ی دوو كاتژمێردا شه‌ش كه‌س مار و دووپشك پێوه‌ی داوه‌


كارێز نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ته‌ق ته‌ق له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ له‌ماوه‌ی دوو كاتژمێردا، شه‌ش حاله‌تی پێوه‌دانی مار و دووپشك له‌نه‌خۆشخانه‌ی ته‌ق ته‌ق تۆمار كراوه‌،


به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ته‌ق ته‌ق بۆ ماڵپه‌ڕی ته‌ق ته‌ق "مار و دووپشك هه‌راسانی له‌خه‌ڵك هه‌ڵگرتووه‌ و ته‌نها له‌ماوه‌ی دوو كاتژمێردا پێنج حاڵه‌تی پێوه‌دانی دووپشك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان كردووه‌ و حاڵه‌تێكی پێوه‌دانی ماریش هه‌بووه‌، 
  
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌كاتی دیوار كردن و كاری كشتوكاڵی توشی پێوه‌دان هاتوون و له‌ئێستادا هیچ ده‌رمانێكی چاره‌سه‌ری ماریشمان نه‌ماوه‌ و یه‌ك ده‌رزی دووپشكه‌شمان ماوه‌

بەپێی ئامارەکانى نەخۆشخانەی گشتی تەق تەق لە مانگی ڕابردوودا نزیكەی ١٥ حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك تۆماركراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر ئاگایان لە خۆیان بێت، چونكە هیچ دەرمانێكی تایبەت بە چارەسەرى پێوەدانی مار لە نەخۆشخانەكەیاندا نەماوە.


نەخۆشخانەی تەق تەق سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیەیە، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ماوەی دوو ساڵە لە كۆیەوە دەرمانی چارەسەرى تایبەت بە پێوەدانی ماریان پێنەدراوە، ئەو بڕەی كە پێشتریش وەریانگرتووە زۆر كەم بووە و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی هەولێرەوە پێیاندراوە.

عبدالله انور، یه‌كێك له‌ یارده‌ده‌رانی پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی ته‌ق ته‌ق به‌ ماڵپه‌ری ته‌ق ته‌ق راگه‌یاند" ئه‌م كه‌سانه‌ی زیاتر مار و دوو پشك پێیانه‌وه‌ ده‌دات خه‌ڵكی گوندنشینانن و پێویسته‌ خه‌ڵكی زیاتر ئاگاداری خۆیان بن به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رمانی پێویست له‌نه‌خۆشخانه‌ی ته‌ق ته‌ق و وشكی ساڵه‌كه‌وه‌.

پێوه‌دانی مار به‌ مرۆڤه‌وه‌، مه‌ترسی زۆری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها تا ئێستا زۆر كه‌س به‌هۆی پێوه‌دانی ماره‌وه‌، گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بزانن، لێره‌شدا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو چاره‌سه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ماڵپه‌ڕی ته‌ق ته‌قه‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:




1 – یەکەم ھەنگاو پێویستە بە خێرایی پەیوەندی بە نەخۆشخانەوە بکرێت، بۆ ئەوەی ئەمبوڵانس بگاتە شوێنەکە و پزیشک پشکنینی تایبەت بۆ ئەو کەسە بکات، کە مار پێیەوە داوە، چونکە پزیشکان دەزانن خوێنی کەسەکە ژەھراوی بووە، یان نا. 


2 - نابێت ئه‌و كه‌سه‌ی مار پێیه‌وه‌ داوه‌ بشڵه‌ژێ و بترسێت، چونكه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌دا سووڕی خوێن خێراتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زووتر ژه‌هری ماره‌كه‌ بگاته‌ نێو دڵی مرۆڤه‌كه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لەسەر ئەو کەسانەی چواردەوری ئەو کەسەی مار پێیەوە داوە، ھێمن بکەنەوە.

3 – پاشان دەبێت ئەو کەسەی مار پێیەوە داوە، لە شوێنێکی سەلامەت دابنشێت، ئینجا دەست بکرێت بە چارەسەرە سەرەتاییەکان، ھەروەھا نابێت زۆر جووڵە بکات، چونکە جووڵەی زۆریش، لێدانی دڵ بەھێز دەکەن و سووڕی خوێن خێراتر دەکەن، بۆیە دەبێت چەند کەسێک ئەو کەسە ھەڵبگرن، کە مار پێیەوە داوە.

4 – ئینجا ئەگەر مار بە قاچ، یان قۆڵی کەسێکییەوە دابوو، دەبێت جلوبەرگەکانی لەبەردا بکرێتەوە، ھەروەھا دەبێت ھەموو ئەنگوستیلە و بازنێک لە لەشی کەسەکەوە بکرێتەوە، چونکە ئەگەری ھەیە لەشی ئەستوور ببێت.

5 – نابێت بەھیچ شێوەیەک شوێنی پێوەدانی مارەکە ببڕدرێت، یان کەسێکی دیکە بە دەم شوێنی پێوەدانەکە بمژێت، چونکە ڕێژەیەکی کەمی ژەھرەکە دێتە دەرەوە و سوودی نییە، بەڵام ئەگەری ھەیە ئەو کەسە ژەھراوی بکات، کە شوێنی پێوەدانی مارەکەی مژیوە.

6 – ئەو کەسەی مار پێیەوە داوە، نابێت بەھیچ شێوەیەک ھیچ جۆرە خواردنەوەیەک بخواتەوە.

7 – دواتر باندجێکی پاک بھێنە، تەواوی ئەو شوێنەی مار پێیەوە داوە، ببەستەرەوە، بەڵام نابێت بە پەت شوێنی برینەکە ببەسترێ، ھەروەھا نابێت بەفر لەسەر برینەکە دابنرێت.

8 – دوای ئەنجامدانی ئەم ھەنگاوانە، پارچە دارێک بھێنە، بە تەنیشت ئەو بەشەی جەستەی کەسەکەوە بیبەستەرەوە، کە مار پێیەوە داوە.

9 – دوای ئەنجامدانی ئەو ھەنگاوەش، پێویستە چاوەڕێ بکەیت تا ئەمبوڵانس دەگاتە شوێنەکە، ئینجا پزیشک بە دەرمانی تایبەت، کەسەکە چارەسەر دەکات.







هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار