وێنه‌؛ منداڵێكی بێ مل له‌كه‌لار له‌دایكبوو




له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی له‌ شاری كه‌لار ئێواره‌ی دوێنێ منداڵێك له‌دایكبوو كه‌ ملی‌ نه‌بوو، دوای چه‌ند خوله‌كێك گیانی له‌ده‌ستدا.

نه‌هرۆ محه‌ممه‌د، په‌رستاری ئێشكگر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ تایبه‌تی سایه‌ له‌ كه‌لار به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند، ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ ژنێكی به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب دانیشتووی ناحیه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی سایه‌ منداڵێكی بێ ملی بووه‌، دوای نزیكه‌ی ده‌ خوله‌ك ئه‌و منداڵه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.


وتیشی "حاڵه‌ته‌كه‌ زگماكی یه‌ و چه‌ند رۆژێك پێش له‌دایكبوونی له‌ رێگه‌ی تیشكی سۆناره‌وه‌ زانراوه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ ته‌ندروست نیه‌ و به‌و شێوه‌یه‌یه‌".

ئه‌و منداڵانه‌ی‌ پێش له‌دایكبونیان پزیشكه‌كان به‌پێی پشكنین بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ جه‌سته‌یان ته‌واو نییه‌، به‌پێی یاسا له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ و به‌ بڕیاری‌ لیژنه‌ ده‌توانرێت له‌بارببرێن.

د. به‌ناز جه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شێره‌ی نه‌قیب بۆ منداڵبوون له‌ كه‌لار به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند "به‌پێی یاسا و دوای ره‌زامه‌ندی خێزانی كۆرپه‌له‌، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌و كۆرپه‌لانه‌ پێش ته‌مه‌نی چوار مانگ له‌ سكی دایكیاندا له‌بار به‌رین، چونكه‌ ئه‌وانه‌ بۆ ژیان له‌بار نین".


وتیشی‌ "پێشتر و له‌ رابردوودا حاڵه‌تی له‌مشێوه‌یه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی سنووره‌كه‌ تۆماركراون".

د. به‌ناز جه‌لیل هۆكاری دروستبوونی ئه‌و جۆره‌ منداڵانه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌بوونی كێشه‌ له‌ كرۆمۆسۆماتی دایك و باوكه‌كه‌، یان نه‌خۆشی شه‌كره‌ له‌ دایكه‌كه‌دا و یان هه‌ندێكجار به‌ بێ هۆ ئه‌و منداڵانه‌ دروستده‌بن.

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار