ئەمڕۆ بەشێک لەمامۆستایانى کۆیە گردبوونەوەى ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و سوربوونى خۆیان لەسەر بایکۆتى دەوام دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ یەکێک لە مامۆستا بەشداربووەکانى گردبوونەوەکە بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند "ئێمە لەبایکۆت بەردەوام دەبین و داواکارم مامۆستایانیش بەردەوام بن لە داواکردنى مافى خۆیان".
یەکێکى تر لە مامۆستایان بە ئین ئاڕ تى ڕاگەیاند "مامۆستایانى کۆیە بە هەموو شێوەیەک پێشنیازى وەرگرتنى ٢٥ هەزار دینار لە مامۆستایان ڕەت دەکەینەوە، وەک کارێکى ئەخلاقى و ویژدانى".
ئەو مامۆستا ئەوەشى وت "هەندێ کەس خۆیان شکۆیان لەدەستداوە و دەیانەوێت شکۆى مامۆستایان بشکێنن، هەروەها سندوقى کۆمەک بۆ مامۆستایان بەتەواوەتى ڕەت دەکەینەوە هەقە سندوق بۆ ئەوانە دابنرێت کە بە ٩١٠ هەزار بەرمیل نەوت و بەدزى و گەندەڵى تێر نابن".
ماوەى زیاتر لە مانگێکە بایکۆت و گردبوونەوەى مامۆستایان بەردەوامە دژى سیستمى پاشەکەوتى موچە و دواکەوتنى موچە، بەو هۆیەشەوە هەتا ئێستا دەرگاى قوتابخانەکان لە سلێمانى و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە نەکراونەتەوە.