دواڕۆژ، هاوڕێ دوکانی
مامۆستایەکی بنەڕەتی لەسنوری ناحیەی تەق تەق بههۆی سۆپاوه گیانی لەدەستدا، لێپرسراوی بنکەی بەرگیری شارستانی تەق تەق دهڵێت "دەرکەوتووە بە هۆی سۆپاوە گڕ لەجەستەی بەربووەو گیانی لهدهستداوه".
سەنگەر فەتاح ئیبراهیم بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرکەڵەک بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "یەکێک لەمامۆستای قوتابخانەکەمان ماڵئاوایی لێکردین کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەقوتابخانەکەمان خزمەتی بە بواری پەروەردەو فێرکردن کردووەو چەندین نەوەی نوێ بۆ نیشتیمان گەورەکردووه".
ئەو بەڕێوەبەرە هێمای بۆ ئەوەشکرد لەگەل ئەوەی مامۆستا ئەحمەد چەند ساڵێک بە هۆی نەخۆشیەوە خانەنشین کرا، بەڵام زۆر بەئومێدبوو تا دوا هەناسەی سەردانی قوتابخانەکەی دەکرد و بەپەڕۆشەوە بۆ ئاییندەی نەوەکانی دەیڕوانی".
ڕائیدی مافپەروەر سلێمان محهمهد لێپرسراوی بنکەی بەرگیری شارستانی تەقتەق بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا ئەحمەد سەردانی ماڵی ناوبراومان کرد، دەرکەوتوە بە هۆی سۆپاوە گڕ لەجەستەی بەربووەو دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەرخۆشی لە ماڵەوە بووە".
وتیشی "ئاگادارین پێشتر ناوبراو داوای لەهاوڵاتیان كردووه لەم وەرزەدا بۆ ئەوەی دوربن لە ڕوداوی نەخوازراو لەکاتی خەوتنیاندا سۆپاکانیان بکوژێننەوە".
مامۆستا ئەحمهد محهمهد سابیر لەساڵی ۱۹۷۸ لە گوندی چۆمحیدەر لەدایکبووە، لە گوندی سەرکەڵەک نیشتەجێ بووە، لەساڵی (۲۰۰۸-۲۰۰۹) پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی ڕانیەی تەواوکردووە، لە ساڵی (۲۰۱۳) بۆ یەکەمجار بە پیشەی مامۆستا دادەمەزرێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتی بە بواری پەروەردەو فێرکردن كردووه لەقوتابخانەی سەرکەڵەک، دواتر تووشی نەخۆشی شەلەل دەماغ دەبێت و بە ڕاپۆرتی پزیشکی خانەنشین دەکرێت، ژیانی هاوسەری پێکنەهێناوە.