ڕێگایەکی دوو گوندى سەر بە شارۆچکەى کۆیەوە، کە دەچێتەوە سەر کێلگەی نەوتی تەقتەق لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتى ناوچەکەوە بە شۆفڵ داخراوە.
ڕێگاکە دەچێتەوە سەر کێڵگەى نەوتى تەقتەق و کارمەند و کرێکار و بارهەڵگرەکانى کێڵگەکە هاتوچۆى پێدا دەکەن.
خۆپیشاندەرانى گوندەکانى ئیلنجاغ و تاڵەبان داوایانکرد هەلى کار بۆ دانیشتوانى گوندەکەیان بڕەخسێنرێت و ئەو کەسانەش دەربکرێن کە خەڵکى سنورەکەیان نین.
ڕۆژى ١٩ى ئەم مانگە، بەشێک لەم خۆپیشاندەرانە بەهەمان شێوە ڕێگەى کێڵگەکەیان داخستبوو و ڕێگەیان نەدابوو کارمەندەکانى کێڵگەکە بچنە سەر کارەکانیان.
بەوەتى ژمارەیەک خۆپیشاندەر ژمارەیەک لە پاسەوانەکان و تیمە ئەمنیەکانى پاراستنى کێڵگەکە چووبوونە شوێنى ڕوداوەکە و تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کردبوو.
پۆلیسی تەق تەق دەڵێت لەسەر ڕووداوی تەقەكردنەكە كەس دەستگیرنەكراوە، ئەو كۆمپانیاییەی لەو كێڵگەیە كاردەكات و ئەو هاوڵاتیانەش كە تەقەیان بەسەردا كراوە سكاڵایان دژی یەكتر تۆماركردوە.
كێڵگەی نەوتی تەق تەق ١٣ كم لە باكوری شارۆچكەی تەق تەقەوە دوورە و نزیكەى ٣٠ بیری نەوتی تێدایە، بەشێك لە بیرە نەوتەكان دەكەونە زەوی و زارى گوندەکانى دەوروبەرى کێڵگەکەوە.
ڤیدیۆ:
NRT