سارا و خه‌نده عه‌لی، گۆرانیبێژی میللی، كه زیاتر گۆرانی به‌شێوه‌ی به‌ند بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، به بۆنه‌وه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز، نوێترین گۆرانیان بڵاو كرده‌وه، هه‌روه‌ها باوكیان چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌یانه‌وه ده‌دات.
عه‌لی به‌كر، باوكی سارا و خه‌نده، ئاشكرای ده‌كات كه به‌هۆی گوتنی گۆرانی و به‌ندی كوردی له‌لایه‌ن كچه‌كانیه‌وه، ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی توانجی خه‌ڵك ده‌بێته‌وه، عه‌لی ڕایگه‌یاند: "ڕۆژانه خه‌ڵك ده‌ستخۆشیمان لێ ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیش توانجمان لێ ده‌ده‌ن و قسه‌ی ناشیرینمان پێ ده‌ڵێن".
له‌باره‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی گۆرانیه نوێیه‌كه‌یان باوكیان ده‌ڵێ: "گۆرانییه‌كه ناوی نه‌ورۆزه و به بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه، خۆم تێكست و ئاوازه‌كه‌یم داناوه".
عه‌لی، گوتیشی: "زۆربه‌ی گۆرانی و به‌نده‌كان خۆم بۆیان ده‌نووسم، له‌به‌ر ئه‌و توانجانه خولیای كاری هونه‌رییم نه‌ماوه، جگه له‌وه‌ش تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك پشتگیری ئێمه‌ی نه‌كردووه".
سارا و خه‌نده، به‌رهه‌مه‌كانیان له ڕێگه‌ی سازكردنی ئاهه‌نگی تایبه‌تی و خێزانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، له‌باره‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ كلیپ، باوكیان ده‌ڵێ: "به‌هۆی خراپی دۆخی ژیانمان له توانامدانیه ڤیدیۆ كلیپان بۆ بكه‌م، چونكه پاره‌یه‌كی زۆری ده‌وێت، ئه‌گه‌رنا چه‌ندین گۆرانیم ئاماده‌یه بۆیان".
سارا و خه‌نده، خه‌ڵكی شاری كۆیه‌ن، دانیشتووی شاری هه‌ولێرن، نزیكه‌ی ساڵێكه گۆرانی و به‌ند ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانیبێژێكی میللی دانیشتنی تایبه‌تیان سازكردووه.
لینكی ڤیدیۆ: