په‌روین شازاده‌ ورده‌كاریی ڕووداوی ده‌ستگیركردنی حاجی جادر و ستافه‌كه‌ی لە تەق تەق ئاشكرا ده‌كات


په‌روین شازاده‌، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی كورد، باسی هۆكاری ده‌ستگیركردنی حاجی جادر هونه‌رمه‌ندی كۆمیدیی و ستافه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌شڵێت تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی نه‌داوه‌.

په‌روین شازده‌، هه‌فته‌ی ڕابردوو، به‌مه‌به‌ستی وێنه‌گرتنی كورته‌ فیلمێك له‌گه‌ڵ حاجی جادر و ستافه‌كه‌ی ده‌چنه‌ شارۆچكه‌كه‌ی (ته‌ق ته‌ق)ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ /90 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/ دوای ته‌واوبوونی وێنه‌گرتنی كورته‌ فیلمه‌كه‌، چه‌ند وێنه‌یه‌كی پردی ته‌ق ته‌ق ده‌گرن.

شازاده‌، به‌م شێوه‌یه‌ ڕووداوه‌كه‌ی بۆ (باسنیوز) گێڕایه‌وه‌ و گوتی: "له‌ ماڵێكی شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق، وێنه‌ی فیلمێكی ته‌له‌فیزۆنیمان تۆماركرد، دوای ته‌واوبوونمان گه‌ڕاینه‌وه‌ له‌ ڕێگادا، حاجی جادر و یه‌حیا ڕه‌زای وێنه‌گر، چه‌ند وێنه‌یه‌كی پرد و زێی ته‌ق ته‌قیان گرتووه‌، دواتر به‌ هه‌ڵه‌ وێنه‌ی ده‌وروبه‌ریشیان گرتووه‌، پاشان له‌لایه‌ن ئاسایشی ناوچه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون".

ده‌شڵێ سه‌ره‌تا ئێمه‌ نه‌مانزانی ئه‌وان ده‌ستگیركراون، چونكه‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیمان پێیانه‌وه‌ ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بوو، نزیكه‌ی كاتژمێر 8ی ئێواره‌بوو، گه‌ڕاینه‌وه‌ هه‌ولێر، خێزانی حاجی جادر په‌یوه‌ندیی كرد و هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی پێ ڕاگه‌یاندین.

ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌، پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ كارێكی ڕاست نه‌بووه‌ و ئاماژه‌ش بۆئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ناكرێت هونه‌رمه‌ند به‌و شێوه‌یه‌ی لێ بكرێت، چونكه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ده‌ستگیركراون خه‌ڵك ده‌یان ناسێت و له‌ كاتی كاری هونه‌رییدا ده‌ستگیركراون، به‌داخه‌وه‌ كاتێك هونه‌رمه‌ندانی بیانی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كار ئاسانییه‌كیان بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگریشیان لێ ده‌كرێت.

شازاده‌، باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ له‌ ڕۆژی ڕووداوه‌كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ لایه‌ن و هونه‌رمه‌ندێك پشتگیریی نه‌كردوون، گوتیشی: "وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییمان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وان پشتگیرییان نه‌كردووین، هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێریش هیچ قسه‌یه‌ك ناكه‌ن و جه‌ماوه‌ریش پشتگیریی نه‌كردووین، به‌داخه‌وه‌ داوای كاری نوێمان لێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك توشی ڕووداوێك ده‌بین پشتگیرییمان ناكه‌ن".

په‌روین، له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ ئێستا حاجی جادر و ستافه‌كه‌ی به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا دادگایی نه‌كراون و زیاتر گوتی: "ئه‌وان داوای لێبوردنیان كردووه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ین كۆتایی به‌و بابه‌ته‌ بهێنرێت، چونكه‌ وێنه‌گره‌كه‌ نه‌یزانیوه‌".

ئامانج جومعه‌، لێپرسراوی ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌دێی ته‌ق ته‌قی سه‌ر به‌ قه‌زای كۆیه‌، له‌ لێدوانێكی پێشووتریدا، به‌ (باسنیوز)ـی ڕاگه‌یاندبوو: "ئه‌و سێ كه‌سه‌ به‌ هۆی وه‌رنه‌گرتنی مۆڵه‌ت و ئاگادارنه‌كردنه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئیداره‌ی شاره‌كه‌ ده‌ستیان به‌ كاری ده‌رهێنانی فیلمێك كردووه‌".
گوتیشی: "ئه‌وان به‌ بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستگیركراون".

سەرچاوە - باس نیوز

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار