وێنە و ڤیدیۆ.. بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کوڕێکی علی باپیر لە کۆیە دەستگیرکرا

خالید محەمەد - کۆیە



محمد کە کوڕە گەورەی علی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییە لە ئێستا لە بنکەی گرتن و گواستنەوەی کۆیە دەستگیرکراوە و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیشی بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە بووە لە سنوری قەزای کۆیە ڕوویداوە.

ڕەنجبەر پیرباڵ ئەفسەری ئێشگری هاتوچۆی کۆیە، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لە گوندی سماقوڵی بووە کە دەکەوێتە ڕێگای نێوان سلێمانی ـ هەولێرەوە، ڕووداوەکەش لە نێوان ئۆتۆمبیلێکی جۆری توێتا لانکرۆزەر کە شوفێرەکەی کوڕەکەی علی باپیر ئەمیری کۆمەڵ بووە و تاکسیی جۆری تیۆتا کرۆلادا بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان ئۆتۆمبیلی جۆری توێتاـ لانکرۆزەرەکە سایدی خۆی جێهێشتووە و چووە بۆ سایدی بەرامبەری و بەوهۆیەوە ڕووداوەکە ڕوویداوە.
ڕەنجبەر پیرباڵ ئەوەشی وت کە شۆفێری لاندکرۆزەرەکە پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ نەبووە.
هاوکات سەرکەوت عوسمان لێپرسراوی بنکەی گرتن و گواستنەوەی کۆیە، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت "ڕاستە محەمەد عەلی باپیر بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بە تاکسیەکەدا کێشاوە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوە بووە منداڵێکی گوندەکە هاتووەتە پێشی و خۆی لاداوە بۆ ئەوەی لە منداڵەکە نەدات و بەهۆیەوە چووەتە سایدی بەرامبەری".


بەهۆی ڕووداوەکەشەوە سێ کەس برینداربوون کە دوانیان سەرنشینی ئۆتۆمبیلە تاکسییەکەبوون و ئەوەی دیکەش ئەو منداڵە بووە کە ویستوویەتی لە ڕێگاکەدا بپەڕێتەوە و لە ئێستاشدا دوو لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەژێر چاودێری پزیشکدان.







سەرچاوە - ئێن ئاڕ تی

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار