فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ دوو ڕۆژنامه‌نووسی ته‌ق ته‌ق ده‌رچوو



به‌تۆمه‌تی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندان و هاندانی‌ خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر-كۆیه‌، فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ په‌یامنێر و به‌رپرسی‌ نوسینگه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن و په‌یامنێرێكی ئێن ئاڕ تی له‌ قه‌زای‌ كۆیه‌ ده‌رده‌چێت 

خالید محمه‌د په‌یامنێری‌ كه‌ناڵی‌ ئێن ئاڕتی‌ له‌ كۆیه‌ به‌ میترۆی‌ وت" ڕۆژی 19 ی ئەم مانگە لەکاتی ڕوماڵی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی کۆیە کاتژمێر 12 لەبەردەمی قایمقامیەتی کۆیە، لەلایەن ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە کۆیە پەخشەکەمان وەستێنراوە سەرجەم کەل و پەلە ڕۆژنامەوانیەکەیان بردوم و خۆمیشیان هەر لەوێ بۆماوه‌ی‌ 5 خوله‌ك دەست بەسەرکرد". 

ئه‌و وتی‌" بەهۆی فشاری خۆپیشاندەرانەوە ئاسایش بەری داین و کەل و پەلەکانیشمان پێ درایەوە". 

خالید محمه‌د ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، هەر لەو ڕۆژەداو  لە کاتژمێر 3ی  پاش نیوەڕۆوە ئاگادارکراینەوە کە لەلایەن ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە کۆیە فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرچووە بۆیە بەمەبەستی سەلامەتی گیانمان لەو ڕۆژەوە تا ئێستا سنوری کۆیەمان جێهێشتوەو لە ژیانێکی زۆر خراپدا دەژین. 

ئاری‌ سابیر په‌یامنێر و به‌رپرسی‌ نوسینگه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن به‌ میترۆی‌ وت" له‌ رۆژی‌ 19 مانگدا له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی‌ قه‌زای‌ كۆیه‌ نووسینگه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ كه‌ی‌ ئێن ئێن سوتێنرا". 

وتیشی‌: له‌ ئێستاشدا له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر-كۆیه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنم بۆ ده‌رچووه‌. 

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، به‌تۆمه‌تی‌ روماڵی‌ خۆپیشاندان و هاندانی‌ خۆپیشانده‌ران فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنم بۆ ده‌رچووه‌ و له‌ ئێستاشدا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانم هه‌یه‌ قه‌زای‌ كۆیه‌م جێ‌ هێشتووه‌. 

سه‌رچاوه‌/ سه‌نته‌ری میتڕۆ


هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار