دوو هاونیشتمانی تەق تەق باسی سووتانی ماڵەکانیان لە کەرکووک دەکەن، یەکێکیان دەڵێت "هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە


دوو هاونیشتمانی لە شارۆچکەی تەق تەق باسی سووتانی ماڵەکانیان لە کەرکووک دەکەن، یەکێکیان دەڵێت "هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە و نزیکەی 20 هەزار دۆلار و زێڕی هاوژینەکەمیان بردووە".
محەممەد یاسین لە کەرکووک ئەنجوومەنی گەڕەکی راپەڕین دوو بووە و دەڵێت، لەگەڵ کەوتنی کەرکووک، شارەکەی جێهیشتووە و جگە لە سووتانی بەشێکی ماڵەکەی، نزیکەی 20 هەزار دۆلار و زێڕی هاوژینەکەشیان بردووە. 

محەممەد یاسین، ئەنجوومەنى گەڕەکى راپەڕینى کەرکووک بە رووداوی راگەیاند "هەڕەشەى کوشتنم لێکراوە لەلایەن کۆمەڵێک لەو ماڵانەى پێشووتر لەو گەڕەکە بەپێى ماددەى 140گەڕاونەتەوە شوێنى خۆیان، بەڵام ئێستا ماڵەکەیان تاڵان کردووم و هەڕەشەى کوشتنم لێدەکەن. لە گەڕەکەمان پرسیارى منیان کردووە، چوونەتە نووسینگەکەم و گوتوویانە لەدەستمان دەربازى نابێت".

دوای رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەر، بەهۆی سکاڵای سەربازێکی سوپای عێراق، لەلایان دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک داواکراوە.

محەممەد یاسین دەڵێت "چەند کەسێک بەناوى سەربازەوە لە دادگا سکاڵایان لە دژى من تۆمارکردووە،گوایە من لە 2010 ماڵەکەیم تاڵان کردووە، ئەمە لە کاتێکدا من ساڵى 2011 وەک موختارى ئەو گەڕەکە دەستبەکاربووم و ساڵى 2010 من ماڵم لە سلێمانى بوو''.

شاڵاوە رەش، پێشمەرگەیەکی خۆبەخشە کە هاوشێوەی محەممەد لە تەق تەق گیرساوەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکە و پێیوایە هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوون و تاڵانکردنی ماڵەکەی.

شاڵاو ناسح، پێشمەرگە دەڵێت "حەسەن پلایس سووکایەتیى بە پێشمەرگە کرد، منیش باب و باپیرم شەهیدى پێشمەرگەن، خۆم و چوار برام پێشمەرگەین، بۆیە منیش وەک پێشمەرگەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامم دایەوە، دواى ماوەیەک لایەنگرانى پلایس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هانى خەڵکیان دەدا خوێنى من حەڵاڵ بکەن و ماڵەکەیان تاڵان کردم".

بەپێى دوایین ئامارى بەشى هەماهەنگى پۆلیسى کەرکووک، لە دواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەر زیاتر لە 183 ماڵ سووتێندراون.

وێنه‌ی خانووه‌كه‌ی (شاڵاوه‌ ڕه‌ش)



رووداو - تەق تەق

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار