نیشانەکانی برینی گەدە:-
هەندێک کەس تووشی برینی گەدە دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر و بەردەوامی ناوچەی سک.
برینی گەدە ئەگەر پشتگوێ بخرێت ئەگەری هەیە دیواری گەدە لەناوببات و ببێتە هۆی کون بوونی، یان دەبێتە هۆی خوێن بەربوونی گەدە کە ئەمەش زیانێكی گەورەی تەندروستی بە کەسی تووشبوو دەگەیەنێت.
لێرەدا ئاماژە بە هەندێک نیشانەی تووشبون بە برینی گەدە دەکەین
ئازاری سک
بوونی ئازار لە ناوچەی سکدا، بەتایبەت لە نێوان سنگ و ناوپەنچکدا دەکرێت نیشانەی برینی گەدە بێت، ئەم ئازارە زیاتر وەک شەپۆلێکی سوتانەوە بە سکدا دێت و دەچێت.
ڕشانەوە
بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگی ئەنزیمەکانی هەرس، کەسی تووشبوو هەست بە هێڵنجدان و ڕشانەوە دەکات، بەتایبەت بەیانیان ئەو کاتەی گەدە بەتاڵە.
قورسی سک
برینی گەدە دەبێتە هۆی هەست کردن بە قورسی ناوچەی سک، وەک ئەو هەستەی لە دوای خواردنەوەیەکی زۆری ئاوەوە دروست دەبێت.
نەبوونی ئارەزووی خواردن
ئەو ئازارە زۆرەی گەدە کە تووشبوانی برینی گەدە هەیانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
برسییەتی بەردەوام
هەستکردن بە برسێتی بەردەوام یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی برینی گەدە، لە ڕاستیدا ئەمە برسیەتی نییە، بەڵکو ئازاری برینی گەدەیە کە بەهۆی زیادبوونی ئەنزیمەکانی هەرسەوە دروست دەبێت.
دابەزینی لەناکاوی کێش
بەهۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردنەوە بەشێوەیەکی ئاسایی کەمبونەوەی کێش دروست دەبێت و زۆر کات کەمبوونەوەی کێش زۆر نائاساییە.
گۆڕانی ڕەنگی پیسیایی
ڕەنگی پیسایی کەسی تووشبوو بە برینی گەدە دەکرێت بەراورد بە ڕابردووی بگۆڕێت و هەندێک کاتیش خوێنی تێدا دەردەکەوێت.
لەکاتی هەستکردن بەهەریەک لەو نیشانانەی سەرەوە بە خێرایی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە بە مەبەستی پشکنین.