لە بازگەیەکى ناحیەى شوان بڕی ١٥ هەزار دینار لە شۆفێرى بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت



بەھۆی تەقاندنەوەی پردەکەی ناحیەی پردێوە زیاتر لە مانگێکە ھاتوچۆی ئۆتۆمبیل لە نێوان پارێزگای ھەولێرو کەرکوک پەکی کەوتووە، بۆیە شۆفێران ناچارن لە ڕێگای ناحیەی شوان - ناحیەی تەقتەق لە قەزای کۆیە هاتوچۆ بکەن.
جگە لە ناڕەزایی دەربڕین لەسەر خراپی و قەرەباڵغی ئەم رێگایە کە ئێستا ھاتوچۆی پێدا دەکەن، شۆفێران دەڵێن: ماوەی چەند ڕۆژێکیشە بۆھەر سەرێکی ھاتوچۆ لە بازگەیەک ١٥ ھەزار دیناریان لێوەردەگیردرێت.

ئەو بازگەیەی کە پارەکە لە شوفێران وەردەگرێ دەکەوێتە سنوری گوندی ئیلنجاغی سەر بە ناحیەی شوان. بازگەکە نزیکەی ٢٠ ڕۆژێکە دانراوەو تەنیا ئەو پارەیە لەو شوفێرانە وەردەگرێت کە بارھەڵگری گەورەن و ئۆتۆمیبلەکانشیان کەلوپەلی تێدابێت.

دوای وەرگرتنی بڕی ١٥ ھەزاردینارەکە لە شوفێران پسولەیەکیشیان پێ دەدرێت کە لە سەرووی پسولەکەوە نووسراوە ھاوکاریی ھێزەکانی دەووروبەری کەرکوک و دواتر بڕی پارەکە و ڕۆژی وەرگرتنی پارەکەی لەسەر دەنووسرێت، بە بێ ئەوەى ناوی هیچ دەزگا و ئیدارەیەکى تێدا بێت.

پێشتر جۆرە پسوڵەیەکی تر بە شوفێران دەدرا کە لەسەرەوەی نووسرابوو یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێکە ناوی پسوڵەکە گۆڕاوە بۆ ھاوکاری ھێزەکانی دەورووبەری کەرکوک.

ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە بەرپرسانی بازگەو بەرپرسانی پێشمەرگە لە سنوورەکەوە کرد، بەڵام ھیچ کامێکیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

بەڵام ئازاد عاسی سەرۆکی شارەوانی خاڵخاڵان دەڵێت: ئاگاداری وەرگرتنی ئەو بڕەپارەیە نین لە شوفێران هەرچەندە بازگەکە دەکەوێتە دەرەوەی شارەوانی ئەوانەوە.

لە ڕۆژی ٢٠ ی مانگی ڕابردوەوەو لەکاتی ھێرشی ھێزەعێراقیەکان و حەشدی شەعبی بۆ ناحیەی پردێ و تەقاندنەوەی پردەکەی ناو پردێوە، هاتوچۆ لەنێوان هەولێر- کەرکوک ڕاگیراوە.

                             بینه‌ری ئه‌م ڕاپۆرته‌ بن


ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت/  خالید محمد - ئێن ئاڕ تی

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار