یەکێک لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی کۆیە گیانی لەدەستدا


دوای چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکێک لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی کۆیە، گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی دەڵێن، پزیشکەکان نەشتەرگەرییان ئەنجام نەداوە بۆ دەرهێنانەوە پارچەکانی ئەو گوللـەیەی بەری کەوتبوو. 
هێرش عومەری تەمەن ٢٩ ساڵ، ڕۆژی ١٩ ی ئەم مانگە لە نزیک مەڵبەندی کۆیەی یەکێتی، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە گوللـە برینداربووە و دواتر گوللـەکە زیانی گەیاندووە بە بڕبڕەی پشتی. 

سۆران ئەبوبەکر ئامۆزای ئەو بریندارەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی وت "لە نەخۆشخانەی کۆیەوە هێرش بە برینداری گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئێمرجنسی هەولێر، دواتریش لەوێوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، بەڵام لە هیچ یەکێک لەو نەخۆشخانانە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام نەدرا، بەمەبەستی دەرهێنانەوە پارچەکانی ئەو گوللـەیەی بەر شانی کەوتبوو". 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ویستوویانە ئەمڕۆ بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی سلێمانی بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام دۆخی تەندروستی تێکچووە و هەر لەنەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر گیانی لەدەستداوە. 


لە ئێستاشدا تەرمی هێرش عومەر، لە پزیشکی دادوەری شاری هەولێرە و لێکۆڵینەوە لە شێوازی گیانلەدەستدانی دەستیپێکردووە.

هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار