وەستا حەتەم پیشەکەی خۆی گواستەوە بۆ منداڵەکانی

بۆتان حەتەم -
وەستا حەتەمی بەرگدروو ناوێکی دیارە لە ناحیەی تەق تەق و دەشتی کۆیە و دەوروبەری، کەم کەس هەیە ناوبانگی نەبیستبێت بەهۆی ئەو دەست ڕەنگینیيەی هەیەتی لە پیشەکەی خۆی، ئەو زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری بەرگدووری دەکات و کەسێکی زۆر سەرکەوتوو بووە، سەرەڕای چوونە سەری تەمەنیشی بەڵام خۆشةویستی بۆ مەکینەکەی وای لێکردووە بەردەوام بێت و واز نەهێنێت.



وەستا حەتەم چیرۆکی دەستپێکردن و سەرەتای کاری بەرگدووری خۆی دەگێڕێتەوە بۆ یەڵڵا و دەڵێت: سەرەتا بەهۆی هەژاری و نەبوونی هەوڵمدا پیشەیەك فێربم تا بژێوی خانەوادەکەمی پێ دابین بکەم، بۆیە ڕووم کردە شاری کۆیە و چوومە لای وەستا محەمەد کە بەرگدروویەکی بەناوبانگ بوو ئەوکاتە، تەنها یەك قاتی بۆ بڕیم و هەر لەو قاتەوە بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆم و پشت بەستنم بەو شێوە دوورینەی وەستا محەمەد توانیم خۆم فێری دوورینی جلی کوردی پیاوان بکەم.

وەستا حەتەم لە ساڵی ١٩٧٨ ڕوودەکاتە شارۆچکەی تەقتەق و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەو کاتەدا تەنها یەك بەرگدرووی تر لە شارۆچکەکە هەبووە، ئەویش “مستەفای حاجی کەریم” بوو.
ئەو لە ژیانیدا دەردەسەری و دەربەدەری زۆری دیوە، لە ساڵی ١٩٨١ بەهۆی زوڵم و زۆری ڕژێمی بەعسەوە تەقتەق جێدەهێڵێت، و ڕوو دەکاتە گوندی “قودرەتە” کە لە دەوروبەری شارۆچکەکەیە ، لەوێ درێژە بە کارەکەی دەدات، بەڵام ئەوێش لانەیەکی ئارام نابێت بۆ ئەو، بۆیە ناچار دەبێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی کە گوندی باغەجنێری دەشتی کۆیەیە.

وەستا حەتەم باوکی شەش کوڕ و دوو کچە، بە لێهاتوویی خۆی توانیویەتی ئەم پیشەیە بگوازێتە بۆ منداڵەکانی و فێریان بکات، لە ئێستادا چوار کوڕ و کچێکی هەمان پیشەیان هەیە و ناوبانگێکی باشیان هەیە لە شارۆچکەی تەقتەق و دەوروبەری.


وەستا گۆران،  کە کوڕی وەستا حەتەمە و بەرگدرووێکی سەرکەوتووە باسی وەرگرتنی پیشەکەی لەباوکی دەکات و دەڵێت: باوکم ئێمەی فێرکرد، نەك تەنها بەرگدروویی بکەین بەڵکو دڵسۆزبین ل بەردەوام بین و دەستبەرداری نەبین .
هەروەها وتی: هەمیشە سوپاسی باوکمان دەکەین کە ئەگەڵ پیشەکەمان و خۆشمان بوێت، ڕاستە بژێوی ژیانمان بەم پیشەیەوە بەندە ، بەڵام خۆشەویستیمان بۆ کارەکەی باوکمان وامان لێدەکاتێمەی بەو جۆرە پێگەیاند پشت بەخۆمان ببەستین و خاوەن پیشەی خۆمان بین .

وەستا حەتەم هۆکاری بەردەوام بوونی لە پیشەکەی بۆ یەڵا باس دەکات و دەڵێت: زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەرگدروویی پیشەمە، ئاستەنگ و نەهامەتی زۆرم هاتۆتە پێش، بەڵام خۆشەویستیم بۆ کارەکەم وای لێم کردووە بەردەوام بم و وازی لێ نەهێنم، ئێستا وەكو جاران ناتوانم کار بکەم، بەڵام هەر ناتوانم دەستبەرداری مەکینە و دەرزی و داوەکەم بم.





هاوبه‌شیكردنی بابه‌ت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار